مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە چل ڕۆژ دەبێت مووچەیان وەرنەگرتووە، دیاریش نییە کەی مووچەی مانگی شوبات دابەشدەکرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، “حکومەتی هەرێم زیاتر لە 33 ساڵە سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر خەڵک جێبەجێدەکات”.
لەنێوان ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەکانیاندان، بەڵام نە دابەشکردنی مووچە دەنگی هەیە، نە سەردانیکردنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا.
ساڵی ڕابردوو مووچەی سێ مانگی کۆتای ساڵی ڕابردوو دابەشنەکرا، ئەمساڵیش لە مانگی نیسان نزیکدەبینەوە، بەڵام تا ئێستا دیارنییە کەی مووچەی مانگی شوبات دابەشدەکرێت.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، پاش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دڵخۆشی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بوو، بەڵام بەهۆی پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم و مامەڵەکردنێکی نەگونجاو لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق و ڕێککنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، جارێکی دیکە قەیران بۆ فەرمانبەران دروست بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبوایە شاندێکی حکومەتی هەرێم دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ بەغدا بڕۆشتایە بۆئەوەی هەماهەنگییەک دروستببێت، لەبارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام حکومەتی هەرێم لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکات و ئامادە نییە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە.
ڕۆژی 11ی ئازارى 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست نزیکەی 560 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستەسەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکى ناوەندیی عێراق، بەڵام حکومەتی هەرێم بە بیانووی ئەوەی کە پارەکە کورتهێنانی هەیە، بڕیاری دا مووچە دابەشنەکات.
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەوە ڕایگەیاند، ئەو دەستە و وەزارەتانەی داتا و زانیارییەکانیان گەیشتووەتە بەغدا، مووچەکانیان هاتووە، بەڵام حکومەتی هەرێم لیستی بەشێک لە مووچەخۆرانی نەناردووە، بۆیە عێراق پارەی نەناردووە.
لەبارەی نەناردنی لیستی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆران وتی، لێدوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە کە وەزارەتەکان تایبەتمەندن و ناکرێت وردەکاری و زانیارییەکانی بۆ بەغدا بنێردرێت، بەڵام من دەپرسم حکومەتی عێراق کێیە؟ لە کاتێکدا سەرۆک کۆماری عێراق، جێگری سەرۆک وەزیرانەکەی و جێگری وەزیری دارایی کوردن.
وتیشی، لە شەش مانگی ڕابردوودا تەنها یەک مووچەی مووچەخۆران دابەشکراوە لە کاتێکدا 5 مانگ داهاتی ناوخۆ هەبوووە، عێراقیش زیاتر لە 500 ملیار دیناری بۆ مووچە ناردووە، بەڵام ئەمانە جگە لە دروستکردنی لەمپەر و گرفت بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و دابەشکردنی مووچە هیچی دیکە نییە.
سەبارەت بە کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و ناردنی شاندێک بۆ بەغدا ئەوەی خستەڕوو، لە ئەزموونی 33 ساڵەی حوکمڕانی ئەم هەرێمە سیاسەتی چەوساندنەوە و برسیکردنی خەڵک جێبەجێکراوە، لە پێناو بەرژەوەندی چەند کەس و لایەنێک هەموو میللەت دەکەن بە قوربانی.
لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگی شوبات ڕایگەیاند، مووچەی ئەم مانگە لای حکومەتی هەرێمە و دەستی بەسەردا گیراوە، حکومەت یاری بە قوتی خەڵک دەکات، ئەمەش ئەوپەڕی بێباکی حکومەتی هەرێمە بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم.
جەختی لەوەشکردەوە، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەرەتایەکی باشە، کە تێیدا هاتووە ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت ئەوا ڕێکاری دیکە بەرامبەر حکومەتی هەرێم دەگیرێتەبەر.
دارا سێکانیانی، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بڕژێنە سەر شەقامەکان، هەڵوێستی مەدەنیان بەرامبەر دەسەڵات هەبێت، کارتێکی فشار بەرامبەر حکومەتی هەرێم بەکاربهێنن کە چیتر یاری بە بژێوی ژیانی هاووڵاتییان نەکات.