سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕێكاری سكاڵا تۆماركردن لە بەردەم دادگای فیدڕاڵی ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، ناکرێت وەرەقەیەکی بەهێزی وەرگرتنەوەی ماف، بەهۆی نەزانی، ناشارەزایی، پەلەپڕوزێ بسووتێنن.
د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵاویكردۆتەوە، تانە پێشکەشکردن لە دادگای فیدراڵی وردەکاریی و لێوردبوونەوە و كار و ماندووبوونی زۆری دیراسەكردنێكی هەمەلایەنەی دەوێت، لە سەرەتایی ترین خاڵەكانی لێوردبوونەوەش بابەتی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی دادگایە، كە لە ماددە 93ی دەستووری عێراقی بە ڕوون و ڕەوانی دەقنووس كراوە.
ڕاشیگەیاندووە، ناکرێت کەس و حزب و لایەنی سیاسی سەرکێشی بە ماف و جیاوگ و ئیستحقاقی هاووڵاتیانی کوردستانەوە بکەن.
رێواز فایەق دەشڵێت: “ناکرێت وەرەقەیەکی بەهێزی وەرگرتنەوەی ماف، بەهۆی نەزانی، ناشارەزایی، پەلەپروزێ و دەسکەوتی چەند ڕۆژی و بگرە چەند کاتژمێرییەوە بسووتێنن”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدڕاڵی چەند بڕیارێكی لە دۆسیە جیاوازەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان داوە، كە هەندێكیان لە بەرژەوەندی حكومەت و هەندێكیان لە بەرژەوەندی فەرمانبەران یەكلایی بۆتەوە و هەندێكیشیانی بەهۆی “نەبوونی تایبەتمەندی” ڕەت كردۆتەوە، كە دواهەمینیان دۆسیەكەی ئەمڕۆ بوو لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.