ژیانی گیانەوەرانی کێوی لە کوردستاندا لەژێر هەڕەشەدایە



کۆچەر عەزیز-

گۆڕانی کەشوهەوا و راوی نایاسایی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر هەمەجۆری و ژیانی کێویانە لە کوردستاندا دروستکردوە، ژمارەی پڵنگ و گورگ و کەمتیار و بەشێك لە ئاژەڵەکێوییەکانی سروشتی پارێزگای سلێمانی کە زنجیرەیەکی بنەڕەتین لە سیستمی ژینگەیی و زنجیرەکی خۆراک، کەمبونەتەوە، ئەویش لە دەرەنجامی چالاکی مرۆیی وەك ڕاوی نایاسایی و دەستبردن بۆ ژینگەی گیانەوەرە کێوییەکان، ئەوە جگە لە کاریگەری ڕاستەوخۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، وەك کەمبونەوەی خۆراک و بەرزبونەوەی پلەی گەرما.

بەگوێرەی بەدواداچونەکان لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا، لە ماوەی 10 ساڵی رابردودا پێنج بۆ چوار پڵنگ لەلایەن هاوڵاتییانەوە بەهەر هۆکارێک بن کوژراون، بەڵام پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە تا ئێستا لە سنورەکە هیچ کەسێك بە تۆمەتی کوشتنی پڵنگ دەستگیر نەکراوە، ئەوە لە کاتێکداتە کە چالاکوانانی بواری ژینگەیی و هەمەجۆریی هۆشداری دەدەن لە کەمبونەوەو نەمانی گیانەوەرە کێوییەکان.

مۆڵەتی راوکردن بە هەندێك گیانلەبەر دراوە، بەڵام مەرج و کاتی دیاریکراوی بۆ دانراوە

بە پێی رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2015 دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە راوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان لە هەرێمی کوردستاندا قەدەغەیە سزای توندی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە راو دەکەن، لە رێنماییەکەدا هاتوە ئاژەڵی کێوی ئەو گیانلەبەرانەن کە لەسەر وشکایی دەژین وەكو شیردەرەکان و باڵندە کێوییەکان کە ماڵی نەکراون و رۆڵی بەرچاویان هەیە لە پارێزگاریکردن لە هاوسەنگی ژینگەیی و پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ دابین دەکەن، لە رێنماییەکەدا مۆڵەتی راوکردن بە هەندێك گیانلەبەر دراوە، بەڵام مەرج و کاتی دیاریکراوی بۆ دانراوەو دەبێت پێشوەختە مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت ئەوانیش ناویان لە ماددەی 8ی رێنماییەکەدا هاتوە وەكو کەو و سوێسکەو کەروێشك.

دانیشتوانی چەند گوندێکی شارباژێڕ: چەند ساڵێك پێش ئێستا لە ناوچەکەدا پڵنگێک کوژراوە

لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی هەرچەندە بە فەرمی هیچ رێکخراوێك لێکۆڵینەوەی لەسەر بوونی پڵنگ نەکردوە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناوچەکەش هیچ ئامارێکیان لانیە، بەڵام دانیشتوانی چەند گوندێکی ناوچەکە باس لەوەدەکەن چەند ساڵێك پێش ئێستا لە ناوچەکەدا پڵنگێک کوژراوە، جگە لەوەش تاوەكو ئێستا پڵنگی دیکە لەو ناوچانە نەبینراوە، بەڵام گورگ و کەمتیار بەڕێژەیەکی کەم بینراون.

ئەگەر زانیاری دانیشتوانە لۆکاڵییەکان لەسەر شیردەرە گۆشتخۆرەکان کەم بێت، ئەوا چیرۆکی زۆریان لەسەر شیردەرە ڕوەكخۆرەکانی وەك بەراز هەیە کە زۆرجار لەبەر زۆریی ژمارەیان زیان بەکشتوکاڵ و دەرامەتی ڕۆژانەیان دەگەیەنن، ساڵی 2023 لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵدا، بەراز پەلاماری کەسێكی داوەو برینداری کردوە، بەڵام بە وتەی فەرەیدون حەمەمین قادر، دانیشتوی گوندی قەرەبابە لە شارباژێڕ و باوکی بریندارەکە، دەبێت حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار یاسایەك بۆ راوکردنی ئاژەڵەکان دابنێن، هەر هیچ نەبێت بۆئەوەی لە هەندێك حاڵەتدا بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، چونکە کوشتنی گیانەوەری کێوی سزای بەدواوەیە.

راوچییەکان بێگوێدانە وەرزی ڕاوکردن و یاسا، هەرچی هەبێت راوی دەکەن و دەیکوژن
فەرەیدون حەمەمین قادر ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەگەر لەبەر سزا نەبێت، راوچییەکان بێگوێدانە وەرزی ڕاوکردن و یاسا، هەرچی هەبێت راوی دەکەن و دەیکوژن، ئەم ئاژەڵدارە دانیشتوی ناوچەی شارباژێرە کە دەکەوێتە باکوری شاری سلێمانی، لە بەشێكی دیکەی چیرۆکەکەیدا باسی ئەو زیانانە دەکات کە لە ماوەی ساڵی 2023دا گورگ پێی گەیاندوەو چون 12 سەر مەڕی گورگان خواردو بوە، کەمتیاریش چوار ئاژەڵی گوێرەکەی خواردوە، ئەمەش وەك خۆی باسی دەکات زیانێکی زۆرە بەر ئاژەڵ و مەڕوماڵاتەکەی کەوتوە.

لە ماددەی 10ی رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2015 دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەدا هاتوە، “ئەگەر ئاژەڵی کێوی وەك گورگ و رێوی و بەراز یان هەر گیانلەبەرێکی تر ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە سامانی ئاژەڵی یان باخچە و شیناییەکان پێویستە فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکان و ئیدارەکانی لێ ئاگاداربکرێتەوە بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان و چۆنیەتی قەدەغەکردنی یان خۆ رزگارکردن لەو ئاژەڵانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام بدرێت”.

ئەوانەی بە نایاسایی راو دەکەن سزا دەدرێن بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەك کە لە (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت
لەسەر ئاستی عێراقیشدا بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 2010ی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان ئەوانەی بە نایاسایی راو دەکەن سزا دەدرێن بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەك کە لە (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت هەروەها غەرامەکردن کە لە (3) سێ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەم دوو سزایانە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئامێر و ئامرازانەی بۆ گواستنەوە و ڕاوکردن بەکار دەهێنرێن.

لە سنوری ناوچەی شارباژێڕ 10 ساڵ پێش ئێستا پڵنگێک کوژراوە
ئەوەی تایبەتە بە پڵنگ کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەرازوی سیستمی ژینگەیی ڕێکخستنی دانیشتونی گیاندارە ڕوەكخۆرەکانی بەرازو بزنە کێویدا، بەگوێرەی بەدواداچونەکانمان بۆ ئەم راپۆرتە لە سنوری ناوچەی شارباژێڕ 10 ساڵ پێش ئێستا پڵنگێک کوژراوە، لەوکاتەوە هیچ حاڵەتێکی دیکە تۆمارنەکراوەو لە هیچ شوێنێك تێبینی نەکراوە، لەپاڵ ئەوەشدا هەندێ ئاماژە هەن دەکرێت وەك هۆکاری کەمبونەوەی پڵنگ و شیردەرەکانی تر لە ناوچەکەدا دابنرێن.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا، بەراز لە ناوچەکەیاندا زۆربووەو هۆکاری زۆربوونەکەش دیار نییە
سەڵاح مستەفا کە موختاری گوندی (سورەقەڵات)ە لە شارباژێڕ، نەیبیستوە پڵنگ لەناوچەکەیاند هەبوبێت، بەڵام بونی گورگ و کەمتیار رەتناکاتەوەو پێشیوایە تا ئێستا کەس راوی نەکردون، لەبەرئەوەی هەم سزای هەیە و هەمیش هاوڵاتییان کەمتر دەیانبینن، هاوکات پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابوردودا، بەراز لە ناوچەکەیاندا زۆر بوەو هۆکاری زۆربونەکەش بەلای ئەوەوە دیار نییە، باس لەوەش دەکات کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیاترە بەهۆی زۆربونی بەرازەوە، ساڵانە دو بۆ سێ هەزار دۆنمی زەوی تایبەت بە رەز و باخ لەلایەن هاوڵاتییانەوە سودیان لێ نابینرێت.

بەرازەکان لە هاویناندا زیانێکی زۆر بە جوتیاران دەگەیەنن

دەربارەی زۆربونی رێژەی بەراز لەو ناوچەیەدا، ئەنوەر محەمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای ماوەت لە شارباژێر ئەو زانیارییە رەتناکاتەوە کە ماوەی پێنج ساڵە بەراز بەرێژەیەکی زۆر لە سنورەکەدا زیادیکردوەو باس لەوە دەکات بەرازەکان لە هاویناندا زیانێکی زۆر بە جوتیاران دەگەیەنن، بەپێویستیشی دەزانێت وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.

بوونی بەراز لە دەشتاییەکاندا بۆئەوە دەگەڕێتەوە هەندێك ئاژەڵی دیکەی وەك گورگ و کەمتیار کەمبوونەتەوە

نەبەز هۆرێنی، شارەزای ژینگەو ژیانی کێوی، بەشێك لە هۆکارەکانی زۆربونی بەراز بۆ کەمبونەوەی پڵنگ دەگەڕێنێتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی کە بەراز سەرچاوەی خۆراکی پڵنگەو دەتوانێت رێژەی بەراز لە ناوچە شاخاوییەکاندا رێکبخات، لەهەمانکاتدا بونی بەراز لە دەشتاییەکاندا بۆئەوە دەگەڕێتەوە هەندێك ئاژەڵی دیکەی وەك گورگ و کەمتیار کەمبونەتەوە، جا ئەوەش بە هۆکاری راوکردنیان بێت لە لایەن هاوڵاتییانەوە یاخود گۆرانی کەشوهەوا یان هۆکاری مرۆیی ڕاستەوخۆ، لە کۆتاییشدا کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر تیکچوونی زنجیرەی خۆراکی سیستمی ژینگەیی.

هۆرێنی وایدەبینێت سیستمی ژینگەی لە جیهاندا تێکچوەو کوردستانیش لەو تێکچونەدا پشکی شێڕی بەرکەوتوە کە بەشیکی زۆری بەهۆی کاریگەرییەکانی مرۆڤ بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، ئەو دەڵێت، “بە ئەندازەیەک سیستمی ژینگەییمان تێچوە گۆڕانکاری خراپ دروست بوەو کە وایکردوە رێژەی پێویستی هەر ئاژەڵێك و لە هەر ناوچەیەکدا، ببێتە مایەی زیانگەیاندن بە خەڵک”.

ماوەی 14 ساڵە سەرقاڵی تۆمارکردنی بەشێك لە ئاژەڵە کێوییەکانە لە سنوری ناوچەی بەمۆ و قەرەداغ
هانا رەزا، سەرۆکی رێکخراوی پڵنگانی بێسنور کە ماوەی 14 ساڵە سەرقاڵی تۆمارکردنی بەشێك لە ئاژەڵە کێوییەکانە لە سنوری ناوچەی بەمۆ و قەرەداغ باس لەوە دەکات لە ناو زنجیرە چیاکانی قەرەداخ بونی 7 پڵنگمان تۆمارکردوە، بەڵام گەڕانەکانی ئەو لەگەڵ هاوکارانیدا تەنها لەو ناوچانەدا بوە، رەنگە لە شوێنی دیکەی کوردستانیشدا هەبن.

هانا و هاوکارەکانی لە رێگەی کامێراوە بۆیان دەرکەوتوە پڵنگ لەو ناوچانەدا هەن و تۆماریان کردون، پێیانوایە پڵنگ بە بەراورد لەگەڵ ئاژەڵەکانی دیکە ئاسانتر تۆماردەکرێت، چونکە لە پێستەکەیدا بازنەیەک هەیە دەناسرێتەوە بەوەی کە هیچ پڵنگێک لەوی دیکە ناچێت، بەڵام ئەمە بۆ ئاژەڵەکانی دیکەی وەك گورگ و کەمتیار قورسە و ناتوانرێت تۆمار بکرێن.

دوپاتیشی دەکاتەوە کە مەترسی لەسەر هەمەجۆریی هەر زیندەوەرێك بەتایبەتی لەسەر پڵنگ هەیە، هۆکارەکانیش وەك ئەو دەڵێت، “دەگەڕێنەوە بۆ زیادبونی ژمارەی دانیشتوان بەشێوەیەکی نا سروشتی و بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتیەکان لەلایەن مرۆڤ و زۆربونی راوکردن بەشێوەی نایاسایی”.

لە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەکی تایبەت نییە

لە وڵاتانی جیهان راوکردن بە یاسا رێکخراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەکی تایبەت نییە و هەر کەسێك لە هەرکاتێك و بەهەر هۆکارێک بێت راوبکات سزادەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ساڵانە ژمارەیەك راوچی لەو سنوورەدا دەستگیردەکات، بە تۆمەتی راوکردنی ئاژەڵ و باڵندەکێوییەکان، بەڵام بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە تاوەكو ئێستا کەس لەسەر کوشتنی پڵنگ دەستگیر نەکراوە.

لە هەڵەبجە پڵنگێك لەرێگەی چەند هاوڵاتییەکەوە بە گۆشتی ژەهراوی کوژراوە
تۆمارکراوەكان بەگوێرەی داتاکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەم شێوەیەیە، لە هەڵەبجە پڵنگێك لەرێگەی چەند هاوڵاتییەکەوە بە گۆشتی ژەهراوی کوژراوە، دانەیەکیش لە دەربەندیخان سەیارە لێیداوە، دانەیەکیش لە پیرەمەگرون کوژراوەو پڵنگیكیش لە قەرەداخ مین پێیدا تەقیوەتەوە، هیچ کەسێك لەسەر راوکردن یان کوشتنی پڵنگەکان دەستگیرنەکراوە، چونکە بکەرەکان نادیاربون و نەدۆزراونەتەوە، دانەیەکیش لە شارباژێڕ هەیە کە ئەوە تەنها لە لایەن هاوڵاتییانەوە باس دەکرێت کوژرابێت، پۆلیسی ناوچەکە هیچی لەسەر ئەو روداوە نەبیستوەو نازانێت.

هۆکارەکانی کەمبوونەوی ئاژەڵە کێوییەکان پشکی شێڕی بەر مرۆڤ دەکەوێت

هۆکارەکانی کەمبونەوی ئاژەڵە کێوییەکان جگە لە گۆڕانکارییەکانی ژینگەو کەشوهەوا، بەگوێرەی نەبەز هۆرێنی پشکی شێڕی بەر مرۆڤ دەکەوێت، لەنێویشیاندا ئەو کەسانەی ڤیدیۆو وێنەکان تۆماردەکەن، چونکە بەردەوام بڵاویان دەکەنەوەو شوێنی ئاژەڵەکان بۆ خەڵک ئاشکرا دەکەن، ئەم وێنەو ڤیدیۆیانە، وایانکرداوە خەڵک مەزەندەی ڕێژەیەکی زۆری پڵنگ و شیردەرە کێوییەکانی تر بکات و لێیان بکوژێت.

بەگوێرەی هانا ڕەزا پڵنگ و گورگ و کەمتیار کە هۆکاری سەرەکی پاراستن و هێشتنەوەی سیستمی ژینگەیین و هەریەکەیان لە سیستمەکەدا رۆڵێکی گرنگی هەیە، هەروەها لە ڕێکخستنی ژمارەی ئاژەڵی تری وەك بەراز، مەترسی ئەوە هەیە لە کوردستاندا نەمێنن، ئەگەر هاتو فریای نەکەوین بە تەواوی لەناو دەچن.

جوتیارەکان ودانیشتوانی گوندەکان دەتوانن دابینی بکەن کە تەنها تەزویەکی کەمی تێدایە

ئەوەی پەیوەستە بە کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی کە گیانەوەرە کێوییەکان بە بەروبومی جوتیارانی دەگەیەنن، نەبەز هۆرێنی، لەبری راوکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان رێگە چارەی گونجاو بۆ دوورخستنەوەیان پێشنیاری دەکات، بەڕای ئەو تەلبەندی کارەبایی هەیە دو تاڵ سیمی باریکە بە کارەبایەکی کەم و نرخێکی هەرزان، جوتیارەکان ودانیشتوانی گوندەکان دەتوانن دابینی بکەن کە تەنها تەزویەکی کەمی تێدایە و زیانیش بە ئاژەڵەکان ناگەیەنێت، یاخود ئەو تۆپەی لە هاویناندا بەشێك لە جوتیارەکان بۆ دورخستنەوەی بەرازو چەقەڵ لە بەربومەکانیان دایدەنێن، بەڵام ئەمە تێچوی زۆری دەوێت هاوکاریی دەخوازێت لەلایەن حکومەتەوە.

لەهەرێمی کوردستان تەنها دوشوێن هەیە لە رێگەی کامێراوە چاودێری ئەو ناوچانە دەکرێت

لەهەرێمی کوردستان تەنها دوشوێن هەیە لە رێگەی کامێراوە چاودێری ئەو ناوچانە دەکرێت کە ئاژەڵەکێویەکانی تێدایە ئەوانیش دەربەندیخان و قەرەداغن و بەردەوام پۆلیس چاودێری ئەو ناوچانە دەکات.

عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، باسی ئەو ناوچانەش دەکات کە کامێرای لێ نییە، بەڵام وەك دەیگێڕێتەوە تیمەکانیان هەفتانە دەردەچن بۆ ئەو شوێنانەو چاودێری چالاکیی ڕاو دەکەن.

ئەگەر حکومەت و خێرخوازان هاوکاربن بۆ زۆربەی ناوچەکان کامێرا دادەنێین

کەمەرخان لەم بارەیەوە دەڵێت، “ئەگەر حکومەت و خێرخوازان هاوکاربن بۆ زۆربەی ناوچەکان کامێرا دادەنێین، ئەو کات بە تەواوی دەتوانین لەناوچوونی ئاژەڵەکان کەمبکەینەوە و رێگری لە کارەساتی ژینگەی بکەین لە ناوچەکەدا”.

سزای راوکردن بەپێی جۆری ئاژەڵەکە دەگۆڕێت

بەگوێڕەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی سەرەڕای ئەو سزایانەی لەسەر راوکردنی ئاژەڵی کێوی دانراون ساڵانە سەدان راوچی لە هەرێمی کوردستان دەستگیردەکرێن، سزای راوکردن بەپێی جۆری ئاژەڵەکە دەگۆڕێت، بۆ نمونە سزای راوکردنی پڵنگ، ورچ، ئاسک، مەڕو بزنی کێوی 10 ملیۆن دینار دانراوە، لە کاتێکدا سزای راوکردنی (گورگ، بەراز، چەقەڵ) 500 هه‌زار دینارە، ئەوە جگە لەوەی کە راوچییەکان سزای بەندکردنیش دەیانگرێتەوە.

هاوڵاتیانیش رۆڵی سەرەکیان هەیە لە ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لە راوکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، بۆیە هێمن کەمەرخان داوا لە هاوڵاتییان دەکات هاوکاریان بن بۆئەوەی ئاژەڵ و باڵندە لەناونەچن، هەروەها دەڵێت، “هێشتا خەڵکانێك ماون گوێ بە سزاکان نادەن و بەشێوەی نایاسایی راو دەکەن و چەند کەسێكیش بەهۆی ئەو دیاردەیەوە دەستگیرکراون”.

لە ساڵی 2023 زیاتر لە 100 هاوڵاتی لەسەر راوی باڵندەی کێوی و 22ی دیکەش لەسەر ئاژەڵی کێوی دەستگیرکراون
بە گوێرەی ئامارێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ساڵی 2023 زیاتر لە 100 هاوڵاتی لەسەر راوی باڵندەی کێوی و 22ی دیکەش لەسەر ئاژەڵی کێوی دەستگیرکراون، هەروەها لە ساڵی 2022، لەسەر راوی باڵندەی کێوی نزیکەی 100 هاوڵاتی و لەسەر ئاژەڵیش نزیکەی 30 کەسی دیکە دەستگیرکراون.

بەڵام رێکخراوەكانی پاراستنی ئاژەڵان پێچەوانەی پۆلیسی دارستان دەڵێن، مەترسی لەناوچونی ئاژەڵان هەیە، هانا رەزا کەمبونەوەی ئاژەڵە کێویەکانی وەك پڵنگ و گورگ و کەمتیار و لەبەرامبەردا زۆربونی هەندێك ئاژەڵی وەك بەراز و چەقەڵ بە مەترسیدار دەزانێت، رونیشی دەکاتەوە کە جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا، تێکچونی سیستمی ژینگەیی دەگەڕێنێتەوە بۆ چالاکیی مرۆیی.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی پێیوایە راوکردن لە هەمو شوێنێك هەیە و قەدەغە نییە و بە یاسا رێکخراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان راوکردن بە هەمو جۆرێك قەدەغەیەو ناچێتە ژێر هیچ یاسایەکەوە، چونکە وەك دەڵێت، “ئه‌گەر رێگەی پێبدرێت، خەڵک هەمو گیاندارێك راودەکات ئەگەر گۆشتخۆر بێت یان ڕوەكخۆر، تەنانەت هەندێك کەس هەنە ئاژەڵیان کوشتوە تەنها بۆ تۆمارکردنی گرتە ڤیدیۆیەك یان بۆ وێنەگرتنێك، لەبەرئەوە تاوەكو ئێستا بە یاسا رێگەی پێنەدراوە”.

هاووڵاتییانی هەڵەبجە: بەرپرسان ساڵی جارێک و لە رۆژێکدا ئێمەیان بیردەکەوێتەوە
پێت هاووڵاتییانی هەڵەبجە: بەرپرسان ساڵی جارێک و لە رۆژێکدا ئێمەیان بیردەکەوێتەوە
لێدوانی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی مووچەوە
دوات لێدوانی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی مووچەوە
پەیوەنیدر