وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستێک بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە کە چیدیکە قبوڵناکات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ناتەواوی بنێردرێت، دەشڵێت:”حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەر رێگەیەک بێت هەوڵدەدات بەو نزیکانە مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند:”ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستێک بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە کە چیدیکە قبوڵناکات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ناتەواوی بنێردرێت، مووچەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە بڕدراوە، بەڕاستی نازانم ئەمە چ عەقڵییەتێکە کە بیەوێت مووچەی شەهیدان ببڕێت”.
هەورامانی ئاماژەی بەوەدا، هێشتا لەنێو عێراقدا هەندێک عەقڵییەتی شۆڤێنی هەیە ئەگەر هەمان ئەو هێزەی رابردووی هەبێت لەبری مووچەبڕین کیمیابارن دووبارە دەکەنەوە، هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چاویان لەوەبوو کە چۆن کورد بچەوسێننەوە.
وتیشی:”حکومەتی هەرێم هەتا هێزی تێدایە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، ستەم لە هیچ لایكیش قبوڵ ناکات، هەروەها نەرمی نواندن بۆ رێککەوتن بە مانای تەسلیمبوون نایەت، بە مانەی ئەوەیە کە میلەتێکین دەمانەوێت بەبێ کێشە بژین رێز لە هەموو لایەک دەگرین، دەبێت هەموو لایەکیش لە بەرانبەردا رێزمان لێبگرن”.