هەرنەبێ چەند سەدەیەکە هەوڵی نووسینەوەی مێژووی کورد ئاکام و بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبووە. بەشی هەرە زۆری نەزۆکیی ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی دراون لەبەرئەوەیە مێژوونووسانمان گێڕانەوەی ڕووداوەکانیان کردووە، یانیش ڕوانگەی کەسانی دیکەیان دەرخستووە. واتە پێش خۆیان چی سەبارەت بە کورد گوتراوە، هەر ئەوەیان دووبارە کردووەتەوە. هەموو ئەو نووسەر و مێژوونووسانەی کاتی زۆریان بۆ نووسینەوەی مێژووی کورد تەرخان کردووە، هەیانە هەموو ژیانی بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە بەخشیوە، گەیشتنە هەمان بنبەستی ئەوەی کورد مێژوویەکی بۆ خۆی نەنووسیوەتەوە و هیچمان نییە خۆمان بۆخۆمانمان نووسیبێت. هەموو ئەو سەرچاوانەی بۆ مێژووی دێرینی کورد و تا ئێستا پشتی پێدەبەسترێت ئەوانەن نووسەری دیکە لێرەولەوێ باسێکی کوردیان کردبێت. زانیاریی پەرش و بڵاو لە نووسینی مێژوونووسانی وڵات و سەردەمە جۆراوجۆرەکانن، لە هەوڵەکانی مێژوو نووسینەوەدا سەدبارە کراونەتەوە. هەرچەندە زانیارییەکان فراوانن بەڵام ناکرێت بەپێی ئەو زانیارییانە مێژوویەکی یەکڕیزی نەتەوەی کورد بنووسینەوە.
هەوڵی نوێی کورد بۆ نووسینەوەی مێژووی خۆی و داماڵینی ئەو هەموو کلک و گوێیەی بەناوی گەلانی ئێران و ئاریایی بۆ کورد دروست کراوە هەر ئەرکی نووسەر و مێژوونووسانی خۆمانە و دەبێت لە ئەستۆی بگرن. ڕەوتی مێژوونووسانی “تازەگەری کورد”، بەبێ تێگەیشتنی فەلسەفی و بەبێ خستنە ژێر پرسیاری پرسی کورد و لە کوێوە ئەو پرسە لەبن نەهاتووە سەرچاوە دەگرێت، ڕووداوەکانی مێژوویان نووسیوەتەوە. واتە ئەو نووسەرانە مێژووی دێرینی کوردیان لەگەڵ پرسی مێژوویی کورد گرێ نەداوە. بەڵام ئایا گێڕانەوەی ڕووداوەکانی مێژوو، کام سوپا بەسەر کامی دیکە سەرکەوت بۆ ئێمە و مێژووی دێرین و ئەندێشەی سیاسیی ئێمە، بایەخێکی هەیە؟ ئەوەندەی لە مێژووی خۆمان بگەڕێم، نابینم ئەو بایەخە زۆرەی هەبێت. لە زۆر شوێنیش زیانیشی بۆ مێژووی دێرینی نەتەوەی کورد هەبووە. لەو ناوەدا مێژووی ئێمە ون بووە.
لە تێزی دکتۆرای توێژەر و نووسەری کورد زەکەریا قادری، کە دواتر وەکو پەرتوکێکیش بە ناوی “کوردناسی” بڵاوی کردەوە دەڵێت “مێژووی نەتەوەی کورد بیرۆگەلێکی نەنووسراوە، جارێ لە چوارچێوەی هیچ وشە و نووسراوەیەکدا دەرنەکەوتووە. دەبێت ئەو بیرۆگەلە نەنووسراوەی لە خوێن و دەمارەکانماندا هەن، لە چوارچێوەی وشە و نووسراودا، دایانبڕێژین. دەبێت هەست و بڕوای کوردبوون بۆ ئاستی تێگەیشتن و زانست و فەلسەفە بگۆڕین. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە دەبێت بە تێگەیشتنێکی فەلسەفی و واتاسازیی، مێژوو بخەینە ژێر پرسیار. خۆمان لە هژموونی هزری ئەوانی دیکە دەربازبکەین و دەست بە کۆکردنەوەی زانیاری بێسنووری مێژوویی، بکەین”. ئەو دەربڕینەی زەکەریا، یەکجار دەوڵەمەند و پڕ واتایە، لە هەموو ئەو پەرتووکەیدا، زەکەریا جەخت لەسەر نەبوونی تێگەیشتنی فەلسەفییانەی مێژوو و واتاسازیی لە لایەن مێژوونووسانی کورد دەکات.
نووسینەوەی مێژووی کورد کارێکی زۆر قورسە، چونکە نەتەوەی کورد نووسراوەیەکی بەردینی سەبارەت بە مێژووی خۆی نییە. مێژوونووسانی پێشوو و تەنانەت هاوچەرخیش، مێژووی ئیمپراتۆر و داگیرکاریی وڵاتانی دیکە دەنووسنەوە، نەتەوەی کوردیش هەر لە کۆنترین دامەزراوەی نەتەوەیی سەردەمی مادەکانەوە تا دەگاتە مێژووی هاوچەرخ، لەشکرکێشیی لەسەر بنەمای نەتەوە و پاشایەتیی کورد نەکردووە و هیچ وڵات و خاکێکی بەو ناوانە داگیر نەکردووە. بۆیە سەرنجی مێژوونووسانی بۆ نووسینەوەی مێژووی ڕووداوەکانی کورد وەکو داگیرکار و پەلوپۆ هاویشتن ڕانەکێشاوە. بەو پێیە مێژووی کورد وەکو گەلانی دیکە لەلایەن کەسەوە تۆمار نەکراوە. مێژوو بریتی بووە لە تۆماری سەرکەوتن و هەڵمەتەکانی پاشا و ئیمپراتۆرەکان، لەگەڵ ئەوەی داخۆ چۆن لق و پۆپیان بێرەوبەوێدا بڵاوکردووەتەوە. ئەوە مێژوونووسانی عەرەب، مەغۆل، فارسەکان، غەزنەوییەکان، هتد، ئەو کاریان کردووە. نووسینەوەی مێژوو لە ژێر ڕکێفی حەز و قینی پاشاکانیاندا بووە. پاشا تاکە دەسەڵات بووە بڕیاری داوە چی بنووسرێتەوە.
مێژوو، بە خوێندنەوەی نووسراوی پاشا و دەسەڵاتدارە سەرکەوتووەکان نانووسرێت. ئەگەر ئەو کارە بۆ نەتەوەی دیکە بەرهەمی هەبووبێت، ئەوە بۆ کورد نەزۆکە. زانای کۆمەڵناسی عێراق، عەلی وەردی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئیسلام دەڵێت “هەموومان پاڵەوانییەتی و ئازایی سوپای موسوڵمانان دەخوێنینەوە، بەڵام هیچ لەسەر ئەوانەی کوژران و تاڵان کران، نابینین”. دیارە ئەوە ڕاستییەکی تاڵی مێژووی مرۆڤایەتییە و لەوەدا مەینەتیی گەورە بەر کورد کەوتووە. بە واتای ئەوەیە نووسراوەکانی بۆمان ماوەتەوە ئەوەیە پاشا و دەسەڵاتداری سەرکەوتوو ویستوویەتی بنووسرێت. هەموو ئەوانەی دەوروبەری کوردیش، خۆیان داگیرکەری خاکی کوردستان بوون، چۆن باسی ئێمە دەکەن و بۆ دەبێت چاوەڕوانی ئەوان بین لە کونجی نووسراوێکیاندا ناوی جەنگاوەرە لێهاتوو و ئازاکانمان بێنن. ئێمە دەبێت ڕەخنەی توند و بنەما پتەو لەو جۆرە مێژووە بگرین چونکە کورد بەشێک نییە تێیدا. مێژووی هەڵبەستراوی تێکەڵ بە ڕووداوە ڕاستەقینەکان، نووسراوەتەوە.
گومان لەوەدا نییە محەمەد داندامایێڤ (١٩٢٨-٢٠١٧) سەرۆکی توێژەرانی پەیمانگەی دەستنووسەکانی ڕۆژهەڵات لە ئەکادیمیای زانست لە ڕووسیا، مێژوونووسێکی بە توانایە و کاری زۆری لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵاتی نزیک کردووە. ئەوەی داندامایێڤ نووسیویەتی و لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، بۆ زۆر نووسەر و توێژەری دیکە بووەتە سەرچاوە. ئەو نووسینە تازەیە دەبێتە سەرچاوەی نووسینێکی دیکەی دوای خۆی، ئاوا سەرچاوەکە متمانە وەردەگرێت و دەبێتە ڕاستیی. لە مێژوودا هەرنەبێ دەرهەق بە مێژووی کورد ئەوە زۆر دووبارە بووەتەوە. لەبەرئەوەی داندامایێڤ مێژوونووسە، هیچ سەبارەت بە سیستەمی سیاسی فارس و عەرەب و تورک نازانێت. ئەوانە لەوەتای لەسەر ئەو خاکە دەرکەوتوون، ئێمە بە درۆزن، دوژمن، لات، لە کۆندا سیخوڕی ئەهریمەن (شەیتان) و ئێستاش سیخوڕی بیانی پێناسە دەکەن. لە ٢٠١٧ بوو کەشیدە لەسەرەکانی شیعەی عێراق ئەو قەوانەیان دووبارە دەکردەوە. بەهای مرۆڤبوونی کوردیان دەشکاند. بەو شێوەیە ڕەوایی سەرکوتکردن و کوشتنمان دەستەبەر دەکەن. هەرنەبێ ٢٥٠٠ ساڵە لە زەردەشتییەکان و فارسەکانەوە تا دەگاتە ئیسلام بە هەردوو باڵی سوننە و شیعە، ئەوە کاریان بووە.
وەک نموونە، بۆچوون و نووسینی محەمەد داندامایێڤ دەهێنینەوە. لەهەمان سەرچاوەدا، زەکەریا قادری لە شرۆڤەی ڕووداوی ڕووخانی دەوڵەتی ماددا دەڵێت “دانداماییڤ داریوش بە ڕزگارکەر و فریادڕەس ناودەنێت و دەڵێت گنوماتا بە هێمای درۆ پێناسە دەکرێت نەک ڕزگارکەری مادەکان (دوای ڕووخانی دەوڵەتی مادەکان، گنوماتا شۆڕشی دژی دەسەڵاتی پارسەکان کردووە و خۆی هەر ماد بووە). بۆیە لە نەخش و نووسراوی بەردینی بێستوون هیچ ئاماژەیەک بە مادی بوونی شۆڕشی گنوماتا نییە. بەوەندە نووسراوەی شارەزایەکی ناوداری مێژووی ناوچەکە مۆرکی مادییبوونی شۆڕشەکە لە مادەکان (باپیرەی کوردەکان) لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە دەستێندرێتەوە و هەموویان دەکرێنە ئێرانی. مەبەست لێرەدا ئەوە نییە داندامایێڤ بەمەبەستی ناڕەوا ئەوەی نووسیبێت، بەڵام ئەوە هەڵەیەکی هەرە گەورەی مێژووییە بەرانبەر کورد دەکرێت و تا ئێستا مێژوونووسانی کورد هەن سەرچاوەی لەوجۆرە بۆ بۆچوون و داڕشتنی نووسینەکانیان بەکاردەهێنن.
لێرەدا سەرنج لە لێکچوونێکی ڕووداوەکان دەدەین. ئەو شۆڕشەی گنوماتا بەرپای کردووە، لە مێژووی هاوچەرخماندا شۆڕشی شێخ سەعید، شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا، دامەزراندنی کۆماری مەهەباد، شۆڕشی نوێی باشووری کوردستان و ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١، هەموویان لە ناخدا وەکو یەکن. هەموویان دەربڕینی کوردە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ستەمەی لەلایەن داگیرکەرانەوە لێی دەکرێت. کورد نەتەوەیەکە لەسەر خاکی خۆیەتی و دەستی بۆ مافی کەس درێژ نەکردووە. چۆن ڕەوایە مێژوونووسێکی کورد دوای ١٠٠٠ ساڵ بە ڕۆژنامەکانی بەعس دا بگەرێت تا لە ڕووداوەکانی ڕاپەڕین تێبگات؟ ناگونجێت چاوەڕوان بین لە تەختی سەربازی ون لە بەغداد بە شان و باڵی پێشمەرگەکانی کوردستاندا هەڵگوترابێت. هەرگیز ئەوە نابێتە نەبوونی پێشمەرگە لەسەر خاکی کوردستان و نەبوونی شۆڕش دژی دەسەڵاتی بەعس. بەهەمان شێوە، هەرگیز گونجاو نییە لە تەختی بێستوون ناوی گنوماتای سەردای شۆڕشی مادەکان ببینین. ئەوە چۆن شرۆڤەیەکی مێژوو و هەڵەیەکی گەورەیە کەسایەتییەکی وەکو داندامایێڤ تێیکەوتووە؟ لەسەر ئەو هەڵەیە و دەیانی دیکەی هاوشێوە، کورد باجی قورسی مێژوویی داوە.
بەلانی کەمەوە، لەوەتای عوسمانییەکان ڕووخاون و کوردستان چوارپارچە کراوە، کورد چەندان شۆڕشی کردووە. لەدژی ستەم و ژێردەستەیی و ماف زەوتکردن، نەسەکناوە. کام لەو شۆڕشانە لە نووسراوەکانی ئەو چوار وڵاتەدا بە ڕاپەڕین/شۆڕش ناونراوە؟ کام سەرکردە و پێشەوا بە خائین و خۆفرۆش ناو نەبراوە؟ کام کۆمەڵە خەڵکی کوشتوبڕکراو بە هاووڵاتی ئەو وڵاتە لەقەڵەم دراون و مافیان هەبووە؟ کێ لەوانەی لە شۆڕشەکەی شێخ سەعید و شێخ عوبەیدوڵلای نەهری بەشداربوون ناویان لە کتێبەکانی مێژووی چاپکراو لە تورکیا هاتووە؟ ئەی کێ لەوانەی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە مهاباد بووە بە خۆفرۆش لە قەڵەم نەدراوە؟ یان ناوی وەکو ڕزگارکەری نەتەوەی کورد لە ئێران هاتووە؟
کام لە قوربانیانی ئەنفال بە بێ گوناح لەقەڵەم درا؟ کێ لەوان گەڕایەوە ماڵی خۆی؟ کام پێشمەرگە هەبووە بە خۆفرۆش و وڵاتفرۆش نەناسێنرا بێت؟ چەند گوتار و نووسین لە هەموو ڕۆژنامەکانی هەرچوار وڵاتدا، لە دژی شۆڕشەکانی کوردەکان لە هەر چوارپارچەدا ئێمەی بە خۆفرۆش و پیاوی موساد نەناساندووە؟ کێ دوای هەزار ساڵ بەو هەموو ئەرشیفانەی خیانەت و وڵاتفرۆشی ئێمە (وەک چۆن دوژمن نووسیویەتی) دەڵێت ئەوانە شۆڕشیان کردووە و بۆ مافی خۆیان جەنگاون؟ کەواتە شۆڕشەکانی کورد تا ئەمڕۆ بە سەرکوتکردن ناو ناببرێن. داگیرکەران وەک “سیخوڕ”، “خاکفرۆش”، “حیزبی شەیتان”، “مفسد في الأرض” و “خائین” ناومان دەبەن. وەک ئەوەی سەدام گوتی “وقد نالو عقابهم الصارم وذهبو الی الجحیم”، دووبارە دەبنەوە. لەسەدەی بیست و یەکدا، ئێران و شیعەی عێراقی مەزهەبگەرای پاشکۆکەی، تۆسقاڵێک لەو ڕەوتە لایان نەداوە.
لە مێژووی دێرینماندا، هخامەنشینەکان کۆمەڵکوژی مادەکانیان بە سەرکوتی موغ (پیاوانی ئایینی ئەوکاتەی زەردەشت) نیشاندا. خۆ ئەو کاتیش نەیانگوتووە سەرکوتی شۆڕشی مادەکانمان کردووە. تا سەدەی بیست و یەکیش کوشتن و بەندکردنی چالاکوانانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی ئێمە هەر بە کوشتنی قاچاخچی، تلیاک فرۆش و تیرۆریست دەناسێنن. پێداگریی لە ڕادەبەدەری داریوشیش بۆ ناساندنی گنوماتا وەکو موغ، بەمەبەستی ئەوە بووە شیاوبوونی گنوماتا بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەت بکاتەوە. ئەوەی لە تەختی بێستوون نووسراوە و حەوت نموونەی لە هەمان نووسین بۆ یۆنان ناردووە، هەر ئەوەیە داریوش ویستوویەتی. چۆن ئەوە دەبێتە سەرچاوەی مێژوویی بۆ ڕەتکردنەوە یان دانپێدانانی ڕاستییەک! مێژوونووسەکانی کورد کەوتوونەتە ناو هەمان هەڵەی دووبارەبووەوەی هەزاران ساڵەی ئەو نووسینانەی لە پێش مێژووەوە تا ئێستا هاتوون. یەک لە دوای یەک، لەیەکتریان وەرگرتووە و سەبارەت بە مێژووی کورد، بوون بە سەرچاوە. ئێمە خۆمان دەبێت ئەو ڕێچکەیە بشکێنین.
هەر ئەو سەرچاوانە و ئەو نووسراوانەی داریوش بۆ یۆنانی ناردووە وایان کردووە مێژوونووسانی یۆنانیش شۆڕشی گنوماتا بە شۆڕشی موغەکانی زەردەشت تێبگەن و ئاوا تۆماری بکەن، ئەوە هۆکاری ئەوەیە هەموو مێژوونووسان پێیان وابووە، مادەکان خۆیان زەردەشتی بوون و باوەڕیان بە پەیامەکەی زەردەشت هێناوە. نووسەرانی کوردیش (هەرنەبێ لەسەدەی بیستەوە) کەوتوونەتە هەمان داو، ئێستاش بەشێکی زۆر لە کوردی هاوچەرخ هەر باوەڕیان وایە ئایینی زەردەشتی، ئایینی ڕەسەنی کوردەکان بووە. پێیان وایە پێش زەردەشت هیچ ئایینێکمان نەبووە تێیدا بەهاکانی ئاشتیی و ئازادیی و یەکسانیی لە ئامێز گرتبێت. لە مێژوودا سەدان سەرچاوەی کوردی هەیە دەقەکانی مێژوونووسانی یۆنان وەکو بەڵگەی زەردەشتبوونی مادەکان دەهێننەوە. سێ هەزار ساڵە ئەو سەرچاوانە ئەمدەست و ئەودەست دەکەن و هەمان ئەو ڕاستییانە دادەپۆشن ئەوکاتە لەسەر زەوی مادەکان هەبووە.
هەر ئەو سەرچاوانە و هاوشێوەکانیان بوون، کوردیان لەسەر بنەمای لێكچوونی زمان، بە ئاریایی لەقەڵەم دەدا. شیاو نییە ئێمەی کورد بکەوینە ئەو داوەی ئاریایی بوونی کورد. کاتێک ئاریاییەکان نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین لەو زەویەی ئێستا بە ئێران دەناسرێت، دەرکەوتوون، باب و باپیرەی کوردەکان لە زاگرۆس بۆ چەند هەزار ساڵێک کشتوکاڵ و ئاژەڵدراییان دەکرد، ئەوان بوون یەکەمین دروێنەی گەنمیان کردبوو و هەر خۆیان یەکەمین شوانکاری هەموو مرۆڤایەتیی بوون. هەرچەندی زانستی جینناسیی توێژینەوەی زۆرتر دەکات، ئەوەندە کورد لە ئاریاییەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەیان وەکو بەڵگەی مێژوویی بەدڵی پاشانووسراوی سەرەتای مێژوو نییە. زانستە و یەک ئەنجام و لێکدانەوەی هەیە. هەر باپیرەگەورەی ئێمە بوون لە گوندی زاوی چەمی شانەدەر لەسەر زێی گەورە و گەنج دارە لە دامێنی ڕۆژهەڵاتی چیاکانی زاگرۆس ئاژەڵیان ماڵییکردبوو و لە گرێ مرازا/مرازان لە باکووری کوردستان ٧٠٠٠ ساڵ پێش فیرعەونەکان، بەردی بناغەی یەکەمین پەرستگەی شارستانییەتی مرۆڤیان دانابوو.
سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە مێژووییە کۆنەکان وەکو بەڵگە بۆ نووسینەوەی مێژووی کورد، مەرج نییە لە هەموو بارێکدا ڕاست بێت. لێرەدا نووسینەکانی باوکی مێژوو، هیرۆدۆتس، وەکو نموونەیەکی نەگونجاو دەهێنینەوە. ئەوکاتەی هیرۆدۆتس سەردانی ناوچەی ئێمەی کردووە لەمێژنەبوو فارسەکان دەسەڵاتی مادیان ڕووخاندبوو. هیرۆدۆتسیش ئەوەی لە دەمی پاشای فارسەکان و دارودەستەکەی هاتەدەر، نووسییەوە. ئەو بە شاخ و داخ و هەڵدێری گوندە کوردنشینەکاندا نەگەڕاوە تا بارودۆخی خەڵکەکەی بنووسێتەوە و لە دەمی خەڵکەوە ڕاستییەکانی حوکمڕانیی و سیستەمی کۆمەڵایەتیی ئەوان بزانێت. هیرۆدۆتس و نووسینەکانی بۆ ئێمەی لە مێژوودا بزربوو، بوو بە کۆنترین و تاکە سەرچاوەی بارودۆخی سیاسیی ئەو کاتەمان. تەنانەت باس و خواسی ئەوەی ئایا ساسانییەکان فارس بوون یان کورد، هەر گەرمە و بەلایەکدا نەکەوتووە. لەویشیاندا، خۆ لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو سەرۆکی مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی کورد بوون، بەڵام بۆ هەموومان ئاشکرایە، دەسەڵاتی کورد وەکو نەتەوە و گەل لە هەرێمی کوردستانی هەشتاکاندا، زەوت کرابوو. ئەوەتا سەرۆکی عێراقی عەرەب کوردە، کەچی ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کورد لە بەغداد سەردەست و دەسەڵاتدارە و وڵاتەکە، وڵاتێکی کوردییە.
کەواتە دەتوانین بڵێین هۆکار و بنەمایەکی مێژوونووسین، مێژوونووسینی زمانلوسانەیە بۆ پاشاکان و پێداهەڵدان و ستایشی داگیرکاریی خاکی گەلان و نەتەوەی دیکە بووە. هەر لەبەرئەوە بووە کتێبە مێژووییەکانی ئەو سەردەمە بە خوانامە و شانامە ناوبراون، چونکە هەر پاشایە بۆخۆی هۆنیوەتەوە. تاکە یەک سەرچاوەی مێژووی دێرین نییە پاشایەک شکستی خۆی تێدا تۆمار کردبێت. هیرۆدۆتسیش لە سەردانەکەیدا هەر مەزنیی و توانای پاشای فارسەکانی نووسییەوە، چونکە لە دەسەڵاتەوە، هەر ئەوەی بیستووە و ئەوەندەی بە گوێدا دراوە. بەڵام کوردەکان کلتورێکی هاوشێوەیان نەبووە، لەسەر خاکی خۆیان بوون، بۆیە پێهەڵبێژیان بە قەد و باڵای پاشا و داگیرکارییەکانی نەبووە. پەڕتووکەکەی زەکەریا، “کوردناسی”، بەجۆرێکی دیکە لە هەموو سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مادەکان دەڕوانێت، بەپێی ئەو سەرچاوەیە، مادەکان چەند سەدەیەک بەر لە یۆنانەکان، سەرۆکیان بە هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو داناوە و لابردووە. کام مێژوونووسمان بوێری ئەوەی هەبووە بنووسێت باپیرەی کوردەکان سەرچاوەی یەکدی قبووڵکردن و هەڵبژاردن بوون و ئەوانن خاوەنی ڕاستەقینەی کارپێکردنی دیموکراسیەت! گلەییەک لە خۆم دەکەم، باسی بوێریم کرد، دەبوایە پێش بوێریی، بڵێم کام مێژوونووس توانیویەتی بگاتە ئەو شرۆڤەیەی زەکەریا.
لەبەر نەبوونی دەوڵەت، لە مێژوودا لە ژێر ناوی عەشیرەت و بنەماڵە کوردەکان، ئاماژە بە کورد کراوە. ئەو ناوانەی لە مێژوودا بۆ ئاماژە بە کورد هاتوون لای سۆمەریەکان گوتی، جودی و جوتی. عیلامییەکان کورتش. ئارامی و ئاشوورییەکان لەو سەردەمەی گوتییەکان لە دەسەڵات بوون بە کوردستانیان گوتووە ناوچەی گوتییەکان، زۆر جاریش کوتی، کارتی، کاردۆ، کارداکا، کاردان، کارکتان، کارداک، کاردەسوی، کاردۆخی، کاردۆک، کاردوکای، کردوئن، مادکوردۆنین، کوردجیغ، کورتیخ، کادا، کاردایە، کوردانیا، غوردی، بەکارهاتوون کە هەرموویان ئاماژەن بۆ کورد. لە سەردەمی ئیسلامدا کوردەکان وەک ڕەواد، شەداد، حەسنەوەیە و ئەیوبییە ئاماژەیان پێکراوە. لە سەردەمی سەفەوی و عوسمانیشدا ئەردەڵان، بابان و بەدلیس بەکارهاتوون.
لە سەردەمی ساسانییەکاندا وشەی ماد بۆ وشەی مای و لە دواییدا بۆ ماه گۆڕاوە. پاش داگیرکردنی وڵاتی ماد لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئیسلام دا، ناوی وڵاتی ماد بۆ ماهین یان جبال (وڵاتی چیاکان) گۆڕدرا. ئەو بەشەی بە دەستی خەڵکی کوفە داگیرکرابوو بە (ماه کوفە/مانگی کوفە) و ئەو بەشەی بە دەستی خەڵکی بەسرە داگیرکرابوو بە (ماه بەسرە/مانگی بەسرە) ئاماژەیان پێدەکرا. نیوەی وڵاتی ماه یان مانگ لە ژێر دەستی کوفییەکان و نیوەی لە ژێر دەستی بەسرییەکان بوو. جیاوازی ئەو ناوانە لە جیاوازی ئەو گەل ونەتەوانەوە دێ وشەکانیان تۆمار کردووە، ئەو جۆرە جیاوازییانە لە هەموو شوێنێک هەن. مێژوونووس کێنزیاس ناوی دوایین پاشای ماد (ئاستیاگ) بە “ئیستویی گاس” ناودەبات. پاشای بابلیش نبوتید، بە “تیخ توویکۆ”، لە نووسراوەکانی دیکەی بابل بە “ئیشتوویگۆ”، ئێرانییەکان بە “ئەژدەهاک”، ماراپاس مێژوونووسی ئەرمەن بە “ئاشداهاک”، مێژوونووسی سوید بە “ئەژیش دهاکۆ” و عەرەبەکان بە “زەحاک” ناوی دەهێنن.
لەو ناوانەدا دیارە کەسانی دیکە لە میللەت و نەتەوەی دیکە ناویان بۆ ئێمە هەڵبژاردووە. جگە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەربەخۆ و یەکگرتووی ماد، وشەی ماد بە واتای ناوەند دێت و لە ئایینی ئەو کاتەیانەوە “میترا” سەرچاوەی گرتووە. ماد وشەیەکی خۆماڵی ئەو خاکەی ئەوێ بووە و بۆ ئەوکاتە لە لایەن کەس و لایەنەکانی دیکەوە ناسراو بووە.
هەوڵی دووبارە نووسینەوەی مێژووی کورد، ئەگەر بە ڕای چەند مامۆستایەکی زانکۆکانی کوردستان و چەند شارەزایەکی بواری مێژووش هەوڵێکی کرچ و کاڵ و پشتئەستوورە نییە بە سەرچاوەی متمانە پێکراو، بەڵام هێشتا هەوڵێكە و دەستی پێکردووە. لێرەدا پرسیار بۆ ڕەخنەگرانی هەوڵی نووسینەوەی مێژووی کورد ئەوەیە ئایا بۆ نووسینەوەی مێژووی خۆمان دەبێت دیسانەوە بگەڕێینەوە سەرچاوە باییەکانی (تقلیدی) مێژوو وەک لەسەرەوە باسمان کرد کە کورد بە پووچەڵ دادەنێن؟ مەگەر هەر لە ڕێچکەلادان نەبووە لە هەموو بوارەکانی شارستانییەتی مرۆڤدا سەرەتا دژایەتی کراوە و دواتر، ئەنجامی باشی هەبووە؟ ئایا دەبێت چەند هەزار ساڵێکی دیکە هەر پشت بە هەمان سەرچاوەکانی باس کران لە چاوەڕانیدا بین. ئەو سەرچاوانە بۆ ئێمە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونمان ناداتێ. ئایا دەبێت بگەینەوە هەمان بنبەستەکانی مێژوونووسانی سەدەی ڕابردوو کە دەرەچەیەکیان بۆ نەدۆزرایەوە؟
ڕەخنەمان لەو جۆرە پابەندبوونە کوێرانەیەی ئەو جۆرە بۆچوونانە هەیە. ئەگەر گومان لەو سەرچاوانە هەبێت، کەواتە جێی متمانەی نووسینەوەی مێژووی کورد نابن. خۆ لە هەموو مێژووی پێشکەوتنی زانستەکاندا، سەرەتا هەر گومان بووە و ڕێچکە کۆنەکانی شکاندووە. پێشکەوتنی شارستانییەتی مرۆڤ قەرزداری توانای گومانی مرۆڤە ڕێچکەشکێنەکانە. ڕەخنەی بەجێ لە هەردوو پەڕتووکی سۆران حەمەڕەش هەیە، بەڵام دیسانەوە دەبێت لە پێناسەی وشەی “بەجێ” وردببینەوە. ئایا بەجێ مەبەست ئەوەیە پشتی بە هەمان سەرچاوە باییەکان نەبەستووە؟ یان “بەجێ” مەبەست لەوەیە بە هەڵە لە ڕووداو و لێكچوونەکان تێگەیشتووە؟ دەکرێت هەموو ئەو ڕەخنانەی لەسەر بنەمای زمان و بیردۆزەکانی لێكچوون و لێکوەرگرتنی زمانەکان هەن، زمانەوان و زمانناسەکان زۆرتر لەسەری بدوێن و بۆمان ڕوون بکەنەوە چەند بۆچوون و شرۆڤەکانی دروستن.
ئەگەر لە پەڕتووکەکەی “زەکەریا قادر”یش ورد ببینەوە و شرۆڤەکانی بە هەند وەربگرین، ئەوا هەرچی زووە دەبێت مێژوونووسانمان بکەونە خۆ. زەکەریا ڕێچکەشکێنە و ڕەخنەی پتەو و قووڵی لە هەموو مێژووی دێرینی ناوچەکە هەیە. تەواوی ئەو بیردۆزانەی چەند سەدەیەکە بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی گەلانی ڕۆژئاوای ئاسیا هاتوونەتە مەیدان، هەڵدەوەشێنێتەوە. لەگەڵ ئەو هەموو ڕێچکە شکاندنەی زەکەریا، من بەش بە حاڵی خۆم بۆچوونی شارەزایان لە مامۆستای زانکۆ و مێژوونووسم بەرچاو نەکەوتووە پەڕتووکی “کوردناسی”ی زەکەریا قادار بخاتە ژێر هاوێنەی ڕەخنەکان.
دەبینین لە مەیدانی مێژوونووسیندا، کەلێنی گەورەمان هەیە و ئەوەی هەمانە جارێ هەر دەستیان بە بەڵگە و نووسراوەی یۆنان و عەرەبەکانەوەیە. لە کاریگەریی ئەفسانە داڕێژراوەکانی خوانامە و شانامەکانی دەستپێکی مێژوو دەرباز نەبوون. بەو پێیە بۆ مێژووی خۆمان تا ئێستا ئامانجمان نەپێکاوە.
کەواتە بۆ نووسینەوەی مێژووی کورد، دەبێت بە ئاراستەیەکی پێچەوانەی ئەوەی تا ئێستا هەبووە، هەنگاو بنێین. مێژووی کورد تەنیا بەپێی یەک یان چەند سەرچاوەیەک شرۆڤە ناکرێت. مێژووی کورد بابەتێکە تایبەتە بە خۆمان و دەبێت خۆمان قۆڵی لێ هەڵکەین. بیست سەدەیە چاومان نووقاوە. بۆئەوەی چاو لە مێژووی خۆمان هەڵبێنین، ئێمە دەبێت پشت بە زانستی شوێنەوارناسیی و جینناسیی ببەستین و دیوەکەی دیکەی ڕووداوەکانی لە مێژوودا تۆمارکراون، بخوێنینەوە. بە لادانی چڵ و پۆپ و تەکاندنی تۆز لەسەر مێژووی کورد، مێژووی کورد لە پەراوێزی سەرچاوەکان و ئەو ڕستانەی بە ڕێکەوت لەلایەن نووسەرانەوە نووسراونەتەوە بدۆزینەوە، بەو جۆرە دەتوانین واتایەکی گشتیی بۆ کورد بخەینە بەردەست. بۆ گەیشتن بەو مەبەستە، دەبێت کورد دەست لەوە هەڵگرێت پشت بەو زانیارییە بەرچاوانە ببەستێت لە سەرەتای نووسینەوە تا ئێستا بۆ مێژوونووسینەوە، بەکارهاتوون.