دوابەدوای بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ هاوردەكردنی زیاتر لە 19 هەزار ئاژەڵ و لابردنی باجی سەر هاوردەكردن، نرخی گۆشت لە بازاڕەكانی عێراق ڕووی لە دابەزینە كرد و لە موسڵ نرخی گۆشتی بۆ 12 هەزار و كەمتر دابەزاند.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی موساڵ، لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا و بەشێک لە خاوەن دوکانی قەسابخانەکان “بۆ پشتیوانی لە هەژاران و نەداران” و بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، بڕیاری هەرزان كردنی نرخی دۆشت لە موسڵ درا.
حەسەن ئەلسەعدون، خاوەنی قەسابخانەکانی ئەلسەعدون لە شاری موسڵ ڕایگەیاندووە، ئامانجمان لەم دەستپێشخەرییە، ئیستغلالکردنی خەڵک نییە لەم مانگە پیرۆزەدا، چونكە هەموو جۆرە گۆشتێکمان لەبەردەستدایە و ئاژەڵەکان ناوخۆیین و ئاژەڵداری هاوردەکراومان نییە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، نرخەكانمان لەنێوان 9 بۆ 12 هەزار دینارە بەپێی جۆری گۆشتی گوێرەكە و بەرخ.
نرخی گۆشت لە موسڵ بەم جۆرە دیاریكرا:
گۆشتی بەرخ (نەرمە) كیلۆی بە ١٢ هەزار دینار.
گۆشتی بەرخ بە (ئێسک)ەوە كیلۆی بە 9 هەزار دینار.
گۆشتی قیمەی گوێرەكە (کەباب) بە ١١ هەزار دینار.
گۆشتی قیمەی گوێرەكە بە ١٠ هەزار دینار.
سی و جگەری گوێرەكە بە ١٢ هەزار دینار.
مەهدی سەهر جبوری، بریكاری وەزارەتی كشوكاڵ بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند، لەچوارچێوەی رێكارەكانی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا لە سەرتاسەری وڵات، حكومەت پێنج ملیار دینار بۆ كڕینی ئالیك و دابەشكردنی بەسەر ئاژەڵدارەكاندا تەرخانكردوە.