دەرفەتەکاتی وەبەرهێنان، لەپارێزگای هەڵەبجە



سەرکۆ یونس، ئابوریناس

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانی هەڵەبجە، بەنوسراوی ژمارە(63) لەڕێكەوتی 16-2-2024 دا، پلان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانیان لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەدا خستەڕوو بۆ رای گشتی و وەبەرھێنەران و کەرتی تایبەت و بازرگانان.

خۆشبەختانە ئەم دەرفەتانە هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری دەستەی وەبەرھێنان بەڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ جیاکردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە وپێدانی تایبەتمەندی بواری وەبەرھێنان بەئامانجی بەرەوپێشچوونی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سنوری پارێزگاكەدا. بەشێوەیەكی تایبەت هەڵەبجە بەخشرا لەكۆت و بەندی ڕێنماییەكانی وەبەرهێنان، دەرگایەكی گەورە واڵا كرا بەڕووی وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەتدا.

لێرەوە جێگای خۆیەتی سوپاس و پێزانینی دانیشتوان و ئیدارەی هەڵەبجە بەهەموو ئەو کەس و لایەنانە ببەخشین کەلەم پێناوەدا دەستیان هەبووە و هەوڵیان داوە.

ئەوەی لەم وتارەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر لەلایەک دەرفەت و پلانەکانی وەبەرهێنانە لە هەڵەبجە دا و لەلایەکی ترەوە بابەتی پێدانی تایبەتمەندی بۆ هەڵەبجە وەک ناوچەیەکی کەم پەرەسەندوو.

بەگشتی دەرفەت و پلانەکانی وەبەرهێنان، کە 50 دەرفەت و پرۆژەیە لەسنوری پارێزگاکەدا و خۆی دەبینێتەوە لەچەندین پرۆژە لە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتوگوزار و بازرگانی و پەروەردەو خزمەتگوزاری هتد..

هەموو ئەم دەرفەتانە واقیعین و پێویستی هەنووكەیی و ئایندەیی پارێزگاكەن و بەدڵنیاییەوە كەڵكی ئابوری بۆ خاوەن پرۆژە وهەڵەبجە بەدەستدەهێنرێت.

بابەتی پێدانی تایبەتمەندی بۆ هەڵەبجە وەک ناوچەی کەم پەرەسەندوو، هاندەرێکی واقعی و ئابوریانەیە بۆ کەرتی وەبەرھێنان لەسنورەکەدا.

بەپێ ی ئەم بڕیارە، وەبەرھێنەران و کەرتی تایبەت، دەتوانن سوود و کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن ئەویش پاڵپشت بەبڕیارەکەی دەستەی وەبەرھێنان.

یەکەم: بـــەخشین لەبڕیارەکانی ژمارە (584 585, 586) ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، کەپەیوەستن بە(کرێی خزمەتگوزاری، نرخی هاندراوی زەوی بۆ تەملیک یان بانەوانی، تەرخانکردنی زەوی) واتە لێخۆشبوون لەسەرجەم باج و رسوماتەکان کەلەوەبەرهێنەران وەردەگیرا تاپێدانی مۆڵەتی پڕۆژە.

دووەم: کەمکردنەوەی قەبارەی سەرمایەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ 500000 دۆلار کەپێشتر لەسەروو 1000000 دۆلارەوە بوو.

سێیەم: سەبارەت بەزەوی پارێزگای هەڵەبجە کەزۆربەی کشتوکاڵین وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان هەستن بە ئامادەکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و دیاریکردنی ئەو زەوییانەی کەبۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکان بەکاردێن، وە دەستهەڵگرتن لەو زەوییانەی کە بەردەڵانن بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی تردا.

ئومێدەوارین، دەرئەنجامی ئەم دەرفەت و پلانانە و بڕیارەکەی دەستەی وەبەرھێنان، لەڕووی ئاوەدانی و پرۆژەکانەوە چەند قۆناغێک هەڵەبجە بباتە پێشەوە و چیتر لەشارێکی چەپەک و کەم خزمەتگوزاری و کەم پەرەسەندوو نەمێنێتەوە.

هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور، ببێتە ناوەندێکی گرنگی ئابوری و پرۆژەکان، هەلی کار بۆ سەدان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنێت، خەڵک و دانیشتوانی ئەم پارێزگایە چیتر بەهۆی نەبوونی کارەوە، شارەکە بەجێنەهێڵن.

هیوادارین تا ساڵی داهاتوو و یادكردنەوەی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە، بواری وەبەرهێنان قۆناغی بەرچاو بەخۆوە ببینێت. ئەم پەنجەرەیە ببێتە سارێژكەرەوەی برینی كەسوكاری شەهیدان و دانیشتوانی پارێزگاكە.

کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر ژینگە
پێت کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر ژینگە
نوێترین لێدوانی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم لە بارەی مووچەوە
دوات نوێترین لێدوانی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم لە بارەی مووچەوە
پەیوەنیدر