سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە لانە و سەرزەمینی فرەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی و تەبایی لەنیوان هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكانیدا دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح، سڵاوی خوای لێ بێت پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، یادی كریسمس بە گەرمی لە هەموو خوشك و برایانی مەسیحی لە كوردستان، عێراق و تەواوی جیهان پیرۆز دەكات.
هاوكات هیوای جەژنێكی پڕ لە شادی و كامەرانییان بۆ دەخوازێت، دەخوازێت جەژن لە كەش و دۆخێكی ئارامدا بكەنەوە و پشوویەكی خۆش بەسەر بەرن.
ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە لانە و سەرزەمینی فرەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی و تەبایی لەنیوان هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكانیدا دەمێنێتەوە، لەگەڵ خوشك و برایانی مەسیحیمان و تەواوی پێكهاتەكان.
لە پەیامەكەیدا باسی لەوەشكردووە، كە هەموو پێكەوە كاردەكەین بۆ بنیاتنانی ئێستا و داهاتوویەكی باشتر بۆ نەوەكانمان، بۆ وڵاتێك كە ماف و ئازادی بۆ هەموو هاووڵاتییانی لە هەر ئایین و نەتەوەیەك بن بپارێزێت.