وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دادگای باڵای فیدڕاڵی بە “دادگای سەورەی بەعس” وەسف دەكات و ڕایدەگەیەنێت، دادگایەكی نادەستوورییە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دادگای فیدڕاڵیی عێراق، دادگای سەورەی سەردەمی پێشوە و وتی: لە ماوەی دوو ساڵدا هەشت بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە.
وتیشی، “لە سایەی دادگای فیدڕاڵیدا هیچ بەهایەک بۆ دەستوور نەماوەتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا دادگاکە نایاسایی و نادەستورییە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێستا دادگای فیدڕاڵی وای لێهاتووە، كە خەریكە حوكمی هەموو عێراق دەكات و دەبێت لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە سنووری بۆ دابنرێت” و سەبارەت هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر دادگاكە ئەوەیە، كە “ئێستا ئەو كاتەیە، كە دەبێت سنوور بۆ دادگاكە دابنرێت و ئێستا ئەو کاتەیە هەرێمی کوردستان ئارامی لێبڕاوە”.
جەختیشی كردەوە، دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنی تەکنیکییەوە نییە