“خواردنی شیرینی لە بەربانگدا ژەهرە بۆ جەستە”



پسپۆڕێکی خۆراک بۆ مانگی ڕەمەزان ڕێنمایی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت، ڕۆژوو بۆ پاککردنەوەی جەستەیە لە ماددە ژەهراوییەکان، بەڵام خواردنی شیرینی لە بەربانگدا وەک ژەهر وایە بۆ جەستە.

لەتیف ڕەئوف، ماستەر لە چارەسەر بە خۆراك و قەڵەوی، ڕاهێنەری ڕۆشنبیریی تەندروستی ڕایگەیاند، موسڵمانان ڕۆژوو دەگرن كە كردارێكی تەواو باش و تەندروستە، جەستە لە مادە خراپ و ژەهراوییەکان پاك دەكاتەوە، بەڵام لە كاتی ڕۆژوو شكاندن بە خواردنی شیرینی جەستەیان پڕ دەكەنەوە لە مادە ژەهراویەكان و ئەوەی كردوویانە بە بای دەدەنەوە، كورد وتەنی ڕیسەكەیان دەكەنەوە بە خوری.

بۆچی خواردنی شیرینییەكانی تری وەكو زلوبیا و لوقمە قازی ژەهرن و خراپن؟

لەتیف ڕەئوف، لەبارەی هۆکاری ژەهراویبوونی شیرینییەکانەوە وتی، بەشێوەیەكی گشتی لە ئاردی سپی، شەكری سپی و ڕۆنی هایدروجینكراو دروست دەكرێن.

بەم شێوەیە ڕوونیکردەوە، ئاردی سپی یەكێكە لە سێ ژەهرەكە كە ڕۆژانە ئێمە دەیخۆین، لەبەرئەوەش وای پێ دەوترێت، چونكە لەكاتی كردنی بە ئارد دا توێكڵەكەی لێدەكرێتەوە و تەنها ناوەكەی دەمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی لەناو چوونی لە 74%ی ڤیتامین و توخمە كانزاییەكانی ناوی و نەمانی ڕیشاڵەكان، تەنها ناوەكەی دەمێنێتەوە كە بریتیە لە شەكری سپی و هیچ بەهایەكی نییە لە ڕووی خۆراكیەوە جگە لە زیان، جگە لەمەش بڕێك پڕۆتینی تێدایە كە لە جۆری گلوتینە و سیفەتی جیڕی و لاستیكی بە ئاردەكە دەبەخشێت، كە دەبێتە هۆی كێشە لە كۆئەندامی هەرسدا و گرفتی نەخۆشی كۆلۆن دروست دەكات لەگەڵ باو بژو غازاتدا، چونكە گلوتین جگە لە سیقەتۆرەی باڵندە لە كۆئەندامی هەرسی هیچ كەسێكی تردا هەرس نابێت، ئەمە ئاردەكەیە نەك سوود بەڵكو كۆمەڵێك زیان و ژەهرە و سوودی نییە.

ڕۆن، ئەو ڕۆنەی ئەم جۆرە شیرینییانەی پێ دەكرێت بریتیە لە خراپترین جۆری ڕۆن كە ڕۆنی هایدرۆجینكراوە و بە كەڵكی خواردن نایەت و دەبێت فڕێ بدرێت، چونكە نزیكەی لە %15 ڕۆنە و ئەوەی تری نازانرێت لە چی دروستكراوە، ئەم ڕۆنە هۆكارە بۆ كوشتنی بەكتریا سوود بەخشەكانی ڕیخۆڵە و بەو هۆیەوە بەكتریا زیانبەخشەكانی ڕیخۆڵەمان زیاد دەكات، لەوانەش بەكتریای مەعیدەیە كە زۆر كەس هەیەتی ئێستا، جگە لەوە ئەم ڕۆنە چەوری خراپ لە لەشدا بەرز دەكاتەوە و چەوری سیانی بەرز دەكاتەوە و لە لەشیشدا بە ئاسانی سەرف نابێت مەگەر بە وەرزشێكی توند نەبێت، واتە ڕۆنەكەشی سودی نییە و ژەهرە بۆ لەش.

شەكری سپی، خۆی شەكر پێی دەوترێت ژەهری سپی، چونكە كاتێك كە دروست دەكرێت لە قامیشی شەكر یا چەوەندەری شەكر نزیكەی 64 ماددەی تێدایە لە ڤیتامینات و توخمە كانزاییەكان، بەڵام هەموو ئەوانەی لێ جیا دەبێتەوە و نامێنن و تەنها شەكر دەمێنێتەوە، ئەمیش خواردنێكی بێ بەهایە و گرفتی گەورە تووشی لەش دەكات، لەوانەش، بەكتریا زیانبەخشەكانی ڕیخۆڵە بە شەكر زیاد دەكەن و گەشە دەكەن و خواردنێكی زۆر باشە بۆیان، جگە لەوە زۆر خواردنی شەكر دەبێتە هۆی ئیلتیهابی درێژخایەن لە لەشدا و بەرزبوونەوەی ئەنسۆلین و هۆرمۆنی كۆرتیزۆڵ، دروستبوونی ورگ، چەوری جگەر و نەخۆشی شەكرەی جۆری دوو لەگەڵ كێشەی دڵ و گورچیلەكان، واتە شەكرەكەش هەر ژەهرە و سودی نییە.

پوختەی زیانی شیرینییەكان بریتیە لە دابەزینی بەرگری لەش و كوشتنی بەكتریا سودبەخشەكانی ڕیخۆڵە و زیاد بوونی بەكتریا زیانبەخشەكان و دروستكردنی ئیلتیهاباتی درێژخایەن لە لەشدا.

 

چۆن نەخۆش دەكەوین؟

ئەو پسپۆڕە ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك خانەكانمان خۆراكی باشی بۆ نەچێت ئێمە نەخۆش دەكەوین، یا خواردنی خراپ بدەین بە خانەكانمان كە ئەو بە ژەهر تێدەگات، ئەم شیرینیانە هەستی تێربوونیان نییە و چەندێک بخۆی حەزت دەکرێتەوە تا شیرینی زیاتر بخۆیت و ئالودەت دەکات و تێر نابیت لێی، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە ئەم شیرینیانە هاوپێچ كراوە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا و زۆرێك دەیكڕن كە ڕیسەكەیان دەكاتەوە و بە خوری و سود و بەهای تەندروستی ڕۆژووەكە ناهێڵێت.

ئەو پسپۆڕە ڕێنمایی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت، با بە هۆشیارییەوە خواردن بخۆین، خۆراك بخۆین نەك خواردن، چونكە خۆراك سود بە لەشمان دەگەیەنێت، بەڵام خواردن تەنها ورگ پڕ كردنە ئیتر هەرچییەك بێت، بزانە ئاخر خۆ بێ حیكمەت نییە ساڵی 2021 نزیكەی 10 هەزار كەس لە كوردستاندا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە، بەشێكی زۆری پەیوەستە بە هەڵەی خۆمانەوە، ڕۆژوو خۆی یەكێكە لە هۆكارەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی شێرپەنجە كەچی ئێمە بەهۆی ئەمانەوە ئەو سودانەشی لێنابینین.

دەشڵێت، ئەگەر حەزت لە شیرینیە سێ دەنكێك خورما بخۆ، هەم شیرینە و هەمیش ماددەی بەسودی تیایە.

وەزیری بەرگری تورکیا گەیشتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان
پێت وەزیری بەرگری تورکیا گەیشتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان
پەرلەمانتارێک بۆ هەمواری بودجە ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت
دوات پەرلەمانتارێک بۆ هەمواری بودجە ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت
پەیوەندیدر