ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و تەوەرێکیشی تایبەتە بە پرسی مووچەخۆران و ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکەم تەوەری تایبەت دەبێت بە سەردانی شاندەكەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریكا و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، لەم تەوەرەدا گفتوگۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی حكومەتەكەی دەكرێت.
ڕوونیشێکردەوە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی راپۆرتێكی تایبەت بە جێبەجێكردنی (ستراتیژی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق) كە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنەكەوە پەسەند كرابوو، دەخاتەڕوو.
بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت دەبێت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن وەزیری داراییەوە هەنگاو و رێكارەكانی ئەمدواییانەی وەزارەتەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەخرێنەڕوو، تایبەت بە مووچەی موووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ژێر رۆشنایی دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەخرێتەڕوو.