ڕاپەڕیننامەی شاری ئەربێلا



ڕاپەڕیننامەی شاری ئەربێلا

ئەگەر ڕاپەڕینەکەی ساڵی ٥٢٢پ.ز. لە هەولێر سەرکەوتووبووایە هەموو مێژووی کوردستان دەگۆڕا!

د.دڵشاد زاموا

یەکەم  ڕاپەڕین لەم شارەدا ڕاپەڕینی گەلی خوررییەکان بوون کە دامەزرێنەری شاری ئوربیلیوم (هەولێر) بوون، دوای داگیرکردنی شارەکەیان دژ بە سوپای سومەری ڕاپەڕین و سوپای سومەرییان دەرکرد…ئەم ڕاپەڕینە لە سەدەی ٢١ی پ.ز.دا بوو.

لە سەدەی ١٦ی پ.ز.دا دووبارە گەلی دێرینی خوررییەکان سوپای داگیرکەری ئاشورییان وەدەرنا.

لەوانەیە گرنگترین ڕاپەڕین، ڕاپەڕینی میدییەکان بووبێت لە شاری ئەربیرا/هەربیرا (هەولێر) دژی داگیرکاری فارسەکان، لە نووسینەکانی شاخی بێستون، داریوشی پاشای فارس بەبۆنەی دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکانی میدییەکان و گەلانی ڕۆژهەڵاتەوە دژی فارسەکان، بە خەتی مێخی و ئارامی و بە زمانی فارسی-میدی، بابلی و ئیلامی باس لە دامرکاندنەوەی ئەم ڕاپەڕینانە دەکات و ده ڵێت:

من داریوس، پاشاكه ، كوڕی هایستاسپیس، هاخامەنششییەكم، پاشای پاشاكانم، فارسێكم، پاشای وڵاتی فارسم ….چیترانتەخما، له هۆزی سەگارتییەكان، ڕاپه ڕی و به خەڵكی دەگوت: من پاشام، نەوەی كەیئەخسار(كه یخوسرەو)م، سوپایەكم له میدی و فارسه كان بۆ نارد.

تەخماسپەده، سەركردەی خزمەتكارم، كه میدییەك بوو، كردم بە بەرپرسی ئەو سوپایه، فەرمانم پێكردن و وتم: بڕۆن، بڕۆن و ڕاپەڕیوەكان ببەزێنن ئەوانەی كه گوێڕایەڵم نین….ته خماسپەده بەسوپاکەوە به ڕێكەوت. له جەنگێكدا کە ئاهورامەزدا پشتگیرم بوو. له ژێر پارێزگاری ئاهورامەزدادا سوپاكەم، ڕاپەڕیوەكانیان بەزاند. له ڕۆژی 5ی تشریتو (تشرین)جه نگەكەیان كرد. چیترانتەخمایان بەدیلگرت و بۆ منیان هێنا. لوتیم بڕی، هه ردوو گوێچكەكانی، زمانی، یەك چاویم كوێركرد، بە دەروازکەمدا هەڵمواسی، هەموو خەڵك دەیانتوانی بیبینن، پاشان له شاری ئەربێلا ستونێکم لە کۆمی چەقاند(لە خاچم دا)، ڕاپەڕیوه یاخیبووەكان، كوژراو و ڕزگاربووەكانیان چوارسەدو چل و حەوت كەس بوون.

بەم شێوەیە دەبینین کە نەوەیەکی کەیخوسرەوی پاشای میدیا لە هەولێر بووە و دژی فارسەکان ڕاپەڕیوە، لەهەمان ساڵیشدا نەوەیەکی دیاکۆ لە هەمەدان ڕاپەڕی، بەڵام فارسەکان بە یارمەتی میدییە خۆفرۆشەکانی وەک تەهماسپەدە توانییان ئەو دەرفەتەی دروستبوونەوەی دەوڵەتی میدیا لە دوای ٢٨ ساڵ لە ڕووخاندنی لەلایەن فارسەکانەوە دووبارە لەبار ببەن.

لەدوای دامرکاندنەوەی ئەو ڕاپەڕینە هەتا هاتنی ئەسکەندەر وراتی هەولێرێ لەژێر داگیرکاری فارسەکان مایەوە.

لە ساڵی ٢١٦ زاینیدا هەولێرییەکان دژی ئیمپراتۆری ڕۆمانیڕراپەڕین و سوپای ڕۆمییان لە شار وەدەرنا، بەڵام کراکالەی ئیمپراتۆری بە سوپایەکی گەورەوە گەڕایەوە و شوراکانی شاری روخاند….

هەولێرییەکان لەسەردەمی مەغۆلەکانیش ڕاپەڕینیان کرد…

و چەندین راپەڕینی تر….

ئێشتاش قەراتی هەولێر داگیرکرایە، بەسەر دەکەوی، سەنتەر و بنکەی ئەڵمان، فەڕەنسی، چیکی، تورکی…لێ یە، بەڵام بنکە و سەنتەری کوردی لێ نییە.

کۆمیسیۆنێک دروستکراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵات، مەرجی ڕۆمی داگیرکەرە دەبێت سەرۆکەکەی نەوەی یەکێک لە فەرمانبەرەکانی ئالی عوسمان بێ، لە کۆی زیاتر لە پێنج سەد خانووی ماڵە کورد لە ناو قەڵات لە گەڕەکەکانی تەکیە و تۆپخانە و سەرا، زۆربەی بووەتە کەلاوە، و نۆژەن نەکراونەتەوە، تەنها چەند ماڵێک لە کەمینەکانی قەراتێ نۆژەنکراونەتەوە، ئەو کەمینەیەی کە قەڵاتی کوردانی هەزاران ساڵە بە هی خۆی دەزانێ…خەڵکی هەولێری کوردیش هەموو ئەمەی قبوڵە…

لە خوار قەڵاتێ و لە ناو و دەوری شار دەیان هەزار عەرەب خاوەن موڵکن…ڕۆژێک دێ، ڕزگارکردنی کەرکووک ئاسانتر دەبێ لە ڕزگارکردنی هەولێر لە بێگانە…پارێزگاری شار بە زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردن، عەگال و دسداشە لەبەر دەبێ…

لە ١١ ئاداری ١٩٩١ هەولێرییەکان مەردانە سوپای بەعس و بەعسییەکانیان ڕاماڵی….

چیرۆکی داگیرکاری و ڕاپەڕینی ئەم نیشتیمانە بەردەوامی دەبێت، هەرچەندە لە ئێستادا، بەهۆی ئەوانەی کە هەموو دەستکەوت و بەرهەمەکانی ڕاپەڕینیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە، ڕاپەڕین ناوی زڕاوە، بەڵام هەموو هەڵەیەک دەکرێت ڕاستبکرێتەوە! ئەگەر کاتەکەی تێ نەپەڕێ…ئەگەر ئێستا بڵێین جارێ کار لەکار نەترازاوە…خەیاڵپڵاوی دەکەین.

 

خواردنەوەیەکی گونجاو لە تینویەتی ڕۆژ دەتپارێزێت
پێشت خواردنەوەیەکی گونجاو لە تینویەتی ڕۆژ دەتپارێزێت
لیرەی تورکی دابەزینێکی نوێی پێوانەیی تۆمار کرد
دواتر لیرەی تورکی دابەزینێکی نوێی پێوانەیی تۆمار کرد
پەیوەندیدار