بە بریاری دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ وەزیری پێشوتری پەیوەندییەکانی عێراق دەرچوو، بە تۆمەتی پێشێلکاریکردن لە گرێبەستی وەبەرهێنانی تایبەت بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک.
دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە/بەغدا، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئابووری، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ وەزیری پێشوتری پەیوەندییەکانی عێراق دەرکردوە.
ڕاشیگەیاندووە، دۆسیەی وەزیری پێشوتری پەیوەندییەکانی عێراق، پێشێلکاریکردنە لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکوکی نێودەوڵەتی، لە رێگەی وەزارەتەکەوە گرێبەستێک واژۆکراوە کە بە ڕوونی و ئاشکرایی بڕگەکانی یاسای وەبەرهێنان پێشێل دەکات، بۆیە بەپێی ماددەی 340ی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
جەختیشی كردۆتەوە، تۆمەتبارەکە پێشێلکاری کردوە لە پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیای کارگێری فڕۆکەخانەکە و کۆمپانیای بنیادنان و بازرگانی گشتی.