وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا بە بێ کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان، چیدیکە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەنیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوێکی دەربارەی ناردنی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە،
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام بۆ مانگی ئادار بە بێ تەواوکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی، مووچە نانێرن.
وەزارەتی دارایی عێراق بەرپرسیارێتی ڕاستی و وردیی ئەو زانیارییانەشی خستووەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە لیستی مووچەدا بۆ بەغدای ناردووە و بەرپرسیاریشە لەوەی پارەکە بداتە مووچەخۆران.
هاوکات داواشی لە کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە ئاستی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ماددەکانی 11 و 12ی یاسای بودجە ئاگاداری بکاتەوە کە تایبەتن بەو بڕە نەوتەی دەبێت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی بکات.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ کۆمپانیای سۆمۆدا داواکراوە هەموو 25ی مانگێک زانیارییان لەوبارەیەوە بۆ ڕەوانە بکات.