مامۆستایانی ئاینی چۆن لە ڕەمەزاندا دەتوانن خەڵک ڕێنمایی بکەن؟



مانگی ڕەمەزان نۆهەم مانگی ساڵی کۆچییە، یەکێکە لە پیرۆزترین و تایبەتترین مانگەکان لای موسوڵمانانی جیهان، خودای گەورە بەڕۆژووبوونی هەموو ڕۆژێكی ئەم مانگەی وەك یەكێك لە عیبادەتەكان لەسەر موسوڵمانان فەرز كردووە.

ڕۆژووگرتن، نوێژی تەراویح، سەرفیترە و زەکات بەشێکن لە پابەندبوونە ئاینییەکانی ئەم مانگە، بەهۆیەوە موسڵمانان خێر و چاکەیان دەستدەکەوێت.

د. ئەبوبەکر پێنجوێنی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی خانەقای مەحوی سەبارەت بە وتارەکان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، مانگی ڕەمەزان دەرفەتێکی گەورەی ئاسمانی و خواییە، بۆئەوەی مرۆڤەکان بتوانن بەخۆداچوونەوەیەکی ورد بکەن، گۆڕانکاری و چاکەکاری لە خۆیاندا دروستبکەن، بۆ ئەمەش مامۆستایانی ئاینی مزگەوتەکان ڕۆڵێکی گەورە و گرنگیان لە ڕێنماییکردنی خەڵک لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا هەیە.

سەبارەت بە ئەرک و ڕۆڵی مامۆستایان ئاماژەی بەوەکرد، مامۆستایان پێویستە مافی تەواو بە نوێژی بە کۆمەڵ بدەن و لە هەمان کاتدا خەڵکیش ماندوو نەکەن، بەشێکی دیکەی ئەرکی مامۆستایان دەچێتە چوارچێوەی پرسیارە هەنووکەییەکان ئەوەی موسڵمانان لە فیقهی ڕۆژوودا بۆیان دروست دەبێت لەبارەی شێوازی ڕۆژووگرتنەوە، بەڵام بەشێکی دیکەی ئەرکی مامۆستایان بریتییە لە وتاردان کە بێگومان ئاڕاستەکردنی خەڵک لە ڕێگەی وتارەوە ڕۆڵی گرنگی هەیە.

باسی لەوەکرد، گرنگە مامۆستایان لە چەند تەوەرێک و ڕەهەندێکی جیاوازەوە قسەبکەن، ئەگەر گرنگ بێت چۆن بەڕۆژوو بین، دەبێت ئەوەش لە خۆمان بپرسین کە بۆچی بەڕۆژوو دەبین، ڕەهەندێک لە ڕەهەندەکانی وتاردانی مامۆستایان دەبێت هەڵوێستەکردن بێت لەسەر ئامانجەکانی دین، لەسەر کۆی ڕشتەبەندی شەریعەتی ئیسلام، بۆنموونە لە ڕۆژوودا چەمکی تەقوا، شوکرانەبژێری هاتووە کە ئێمە چۆن لە زەمینەی تەقوایا خۆپارێزبین و بتوانین گەشەی ڕۆحیمان هەبێت و هەنگاوێک بچینە پێشەوە لە عیبادەت و پەرستشەکان.

 

“هەر کەس لە ئەخلاقدا پێشتبکەوێت بەو مانایە دێت لە دینداریدا پێشتکەوتووە”

د. ئەبوبەکر پێنجوێنی، ئەوەشی خستەڕوو، ڕەهەندێکی دیکە بابەتەکانی پەیوەست بە ئاکار و ڕەفتاری موسڵمانانە، چونکە نوێژ، ڕۆژوو، حەج و زەکات ئامڕازێکن بۆئەوەی ئێمە بگەیەنن بە ئامانجێک و هەنگاونان بەرەو کەماڵبوون، کە چۆن بتوانین لە دنیای ڕەوشت و مامەڵەدا بەرجەستەی بکەین، لە ڕاستگۆیی، ئەمانەتپارێزی، ڕاستبێژی، عەدالەتخوازی، بەڵێنپارێزی، زۆر گرنگە مامۆستایان تەرکیزیان لەسەر ئەم بابەتانە هەبێت، چونکە دینی ئێمە ئەخلاقە، هەر کەس لە ئەخلاقدا پێشتبکەوێت بەو مانایە دێت لە دینداریدا پێشتکەوتووە.

“مانگی ڕەمەزان نابێت بکرێتە مانگی خۆشخۆری و تەمبەڵی”

باسی لەوەکرد، ڕەهەندێکی دیکە کە پێویستە مامۆستایان تیشکی بخەنەسەر بەستنەوەی ڕۆژوو و تەندروستییە بەیەکەوە، کە دەبێت ڕۆژوویەکی تەندروستمان هەبێت، نەک ئەوەی کە بەشێکی زۆری خەڵکی لە ڕەمەزاندا کێشیان زیاد دەکات و زیاتر خەواڵوو دەبن.

وتیشی، دەبێت لایەنی دارایی و ئابووری لەناو خێزانەکان گرنگی پێبدرێت، کە چۆن بتوانین خەرجییەکانمان کەمبکەینەوە هاوتا لەگەڵ مانا و پەیامی ڕەمەزاندا، نەک وەک ئەوەی ئێستا لەناو خەڵکیدا هەیە خەرجییەکانمان زیا دبکەین، مانگی ڕەمەزان نابێت بکرێتە مانگی خۆشخۆری، پاڵدانەوە و تەمبەڵی، خەوتن و خەواڵوویی بوون.

 

“ناوەڕۆکی وتار گرنگترە وەک لە درێژبوونی کاتی وتار”

سەبارەت بە کاتی ورتاری مامۆستایانی ئاینی بەم شێوەیە ڕوونیکردەوە، دەبێت وتارەکان کاریگەر و زیندووبن، یەکەمجار کاریگەرییان لەسەر ژیانی مامۆستایان خۆیان هەبێت ئینجا خەڵکی دیکە و گوێگران.

لەبارەی دیاریکردنی وتارەکان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە ڕایگەیاند، دیاریکردنی تەوەری وتارەکان کاری لەسەر کراوە، بەڵام دیاریکردنەکە ناچاریکردن نەبووە بەو مانایەی کە هەر دەبێت ئەو وتارە بێت یاخود پابەندکرابێت بە کۆمەڵێک ناونیشان، بە بڕوای من لە هەر شوێنێک مامۆستایەک وتارێکی باشی دابێت و کاریگەری باشی هەبووبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی، دارایی، ئابووری و ئەخلاقی، سیاسی، ئەوقاف ڕێزی لێگرتووە.

سەبارەت بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ دیاریکردنی ٢٠ خولەک وەک ماوەی وتاری عەسر لە مانگی ڕەمەزاندا ئاماژەی بەوەکرد، بە باوەڕی من ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف کۆنکریتی نییە، بۆ نموونە ئەگەر مامۆستایەک وتارەکەی گەیشتە زیاتر لە ٢٠ خولەک کێشە دروستبکات، بەڵام خۆی گرفتەکە لە ناوەڕۆکی وتارەکاندایە، نەک لە کاتەکەیدا، لە ماوەی ٣٠ ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتی خۆمدا لە وتاردان، لە وتاری دوای عەسران و تەراویح هیچ کاتێک وتارەکانم لە ٧- ١٢ خولەک زیاتر نەبووە.

وتیشی، ئێمە کیشەمان لەگەڵ کاتی وتارەکان نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە درێژکردنەوەی وتارەکان بێزاری بۆ خەڵک دروستدەکات بەتایبەتی ئەگەر وتارەکە نوێگەری تیا نەبێت و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی کەسی، کۆمەڵایەتی و سیاسی مامۆستاکە دیار نەبێت.

جەختی لەوەشکردەوە، مامۆستا گرنگە پابەندبێت بە ناوەڕۆکی وتارەکە و شێوازی پێشکەشکردنەکەی، ئەم بڕیارەی وەزارەتی ئەوقاف هەر وەکو بڕیارەکانی دیکەی سەرکردە سیاسییەکان وایە، نەیتوانیوە ڕەنگدانەوەی واقیعی ژیانی مامۆستایان و کۆمەڵانی خەڵک بێت، چونکە بە گشتی زۆربەی وتاری مامۆستایان خۆی هەر لە ٥ بۆ ١٥ خولەک تێنەپەڕیوە.

وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی نارد
پێشت وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی نارد
سێ کەس بە هۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک گیانیان لەدەستدا
دواتر سێ کەس بە هۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک گیانیان لەدەستدا
ەیوەندیدار