سەرۆک کۆمار داوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی دەکات کە بە پێی دەستوور لە نوێنەری پارێزگاکان پێکدێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار بەشداری كرد لە مەراسیمێك کە بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكەم ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغدا سازکرابوو.
سەرۆک کۆمار لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا کە هەرکەسێک لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی عێراق بڕوانێت، بۆی دەردەکەوێت لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە دیموکراسیترین و پێشکەوتووترین بنەماکانی دەستوورییان دامەزراندووە لەو کاتەدا .
ڕاشیگەیاند، عێراق قۆناغی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی تێپەڕاندووە، دوای ئەوەی گەل نادادپەروەری دیکتاتۆریان ڕەتکردەوە و لە چەند ڕاپەڕینێکدا ڕەتکردنەوەی ئەو ستەمکارییەیان دەربڕی.
سەرۆک کۆمار داوای تەواوکردنی دامەزراوەکانی کرد کە لە دەستووردا دیاریکراون، کە گرنگترینیان ئەنجومەنی فیدراڵییە، هەروەها پەلەکردن لەهەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ داڕشتنی ئەو یاسایانەی کە خزمەتی وڵات و هاووڵاتییان دەکەن.