سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمى كوردستان لەبەغدا زانیاریی لەبارەی چارەنوسی ئەو 400 ملیار دینارە ئاشكرادەكات كە سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریدابوو بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت و هۆكاری نەناردنیشی بۆ تەواونەبوونی ڕێكارەكان دەگێڕێتەوە.
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا بەمیدیای نزیك لەپارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە “ڕێكارە ئیدارییەكانی ناردنی 400 ملیار دینارەكەی بودجەی هەرێم تەواوبن، پارەكە دەنێردرێت”.
فارس عیسا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردۆتەوە كە گوایە وەزیری دارایی عێراق ناردنی 400 ملیار دینارەكەی ڕاگرتوە و ئامادەنییە واژۆ لەسەر بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران بكات.
لەو بارەیەوە سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لەبەغدا دەڵێت” ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین، 400 ملیارەكە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە، چۆن بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ڕادەگیرێت؟ بەپێچەوانەوە، ڕێكاریی ئیدارییو دارایی تەواوبێت، دەنێردرێتو هیچ كێشەی نییە”.