شیمۆن مارسینیاك-ی پۆڵەندی ناوبژیوانی یاریی كۆتایی مۆندیالی قەتەر 2022، وەڵامی فەرەنساییەكان دەداتەوە كە دەڵێن، دەبوو ناوبژیوان گۆڵی سێیەمی ئەرجەنتین پوچەڵ بكاتەوە، بەو هۆیەی یاریزانانی یەدەك هاتوونەتە نێو یاریگاوە.
ناوبژیوانە پۆڵەندییەكە لەلایەن میدیاكانی فەرەساوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆوە، بەو هۆیەی گۆڵەكەی مێسی پوچەڵنەكردۆتەوە كە یاریزانانی یەدەگ هاتوونەتە نێو یاریگا بەر لەوەی تۆپەكەی مێسی هێڵی گۆڵەكە تێبپەڕێنێت.
زیاتر لە 200 هەزار هاندەری فەرەنسایی، واژۆیان لەسەر یاداشتێك كردووە، تا یاریی كۆتایی مۆندیال دووبارە بكرێتەوە، بەهۆی هەڵەكانی ناوبژیوان كە تۆماركراون، بەڵام مارسینیاك وەڵامی ڕەخنەكانی دایەوە و لە مۆبایلەكەیدا وێنەی 7 یاریزانی فەرەنسایی خستەڕوو كە هاتوونەتە نێو یاریگاوە لەكاتی گۆڵى دووەمى مپاپێ كە بۆ وڵاتەكەی تۆماركرد.
مارسينیاك لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، لە مۆبایلەكەیەوە وێنەی یاریزانەكانی فەرەنسا دەخاتەڕوو كە هاتوونەتە نێو یاریگا لەكاتی تۆماركردنی یەكێك لە گۆڵەكانی مپاپێ لەدژی ئەرجەنیتن.
ناوبژیوانە پۆڵەندییەكە لەوباریەوە ڕایگەیاندووە:”فەرەنساییەكان ئەم وێنەیەیان لەیاد نییە كە دەتوانن بەڕوونی 7 یاریزانی فەرەنسایی ببینن كە هاتوونەتە نێو یاریگا لەكاتی تۆماركردنی گۆڵێكی مپاپێ”.
ئەرجەنیتن لە یاریی كۆتایی مۆندیالی قەتەر 2022، لە پاش یەكسانبوون بە ئەنجامی 3-3، توانی بە لێدانی پەناڵتی لە فەرەنسا بباتەوە و بۆ جاری سێیەم ناسناوی پاڵەوانی جامی جیهان بەدەستبهێنێت.