وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دەباشان پێشوازیان لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و وەفدێکی یاوەریکرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم گەیشتە دەباشان و لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە پێشوازی لێکرا، لەکۆبوونەوەکەدا هەماهەنگی و هاریکاری و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا دووپاتی لەسەرکرایەوە، بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی دەستووریانەو یاساییانەی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی مەکتەبی سیاسی، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی پرسی ئیدارەدانی كەركووك و تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک تاوتوێکرا، و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە کرایەوە بەشێوەیەك هەموو هەوڵەكان لەچوارچێوەی خزمەتكردنی كەركووك و هەموو نەتەوەوە پێکهاتەکان بێت بەبێ جیاوازی.
هاوکات باس لەوەشکراوە، پێویستی هاوبەشێتی راستەقینەو کاری پێکەوەیی نێوان سەرجەم لایەنە براوەکانی کەرکوک و پاراستنی کەلتووری برایەتی و پێکەوەژیان بە شێوەیەک لە ئیدارەی نوێ کەرکوک هیچ لایەنێک فەرامۆش نەکرێت و ئەولەویەتی کارکردنی داهاتووش خزمەتکردنی کەرکوکییەکان بێت.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاریکاری هاوبەش لە نێوان هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوەکراو پێویستی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان یەکێتی و حزبی تەقەدوم دووپاتی لەسەرکرایەوە.
سەردانەکەی حەلبوسی بۆ سلێمانی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆش لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات کۆبووەوە، و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بە ڕێگای یاسایی و دەستوری کردەوە.