زێڕ بەردەوامە لە هەڵکشان و ئەمڕۆ بەرزترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد و گەیشتە سەرو دوو هەزار و 160 دۆلار.
بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆ ماوەیەکی کاتیی، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێر گەیشتە دوو هەزار و 161 دۆلار ، کە ئەوەیش بە بەرزترین ئاستی پێوانەیی هەژمار دەکرێت لە مێژوودا، و دوای ماوەیەک دابەزییەوە بۆ دوو هەزار و 156 دۆلار.
بەپێی وتەی ئۆلی هانسن بەڕێوەبەری ستراتیجی کانزاکان لە ساکسۆ بانک، بەرزبوونەوەی نرخی زێر بە چاوەڕوانکراو ناودەبات و دەڵێت ، چاوەڕوانیی بازرگانان بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا و کەمکردنەوەی سودی بانکی لەلایەن بانکەکەوە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی نرخی زێڕن.
هاوکات گرژییەکانی ئەم دواییەی جیهان و بەتایبەت کێشە و ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیی هێرشی حوسییەکان لە دەریای سور، بە هۆکارێکی دیکەی ناسەقامگیریی نرخی زێر دادەنرێت لە جیهاندا.
لەدوای شەڕی ڕوسیا و ئۆکراینا نرخی زێر کەمێک ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، بەڵام گرژییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، وایکردووە کانزا زەردەکە ئاستی پێوانەیی لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی بەخۆوە ببینێت، بەجۆرێک بە درێژایی مێژوو ئەو نرخەی نەبووە کە ئەمڕۆ تۆماریکرد.