بۆچی نابێت بە خێرایی شۆفێری بکەین؟



وەک هەمیشە گوێبیست دەبین کە زۆرێک لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەهۆی سەرکێشی و خێرالێخوڕینی شۆفێرانەوە ڕوو دەدەن و کارەساتی دڵتەزێن بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ڕاستە کە چەندین هۆکاری تر هەیە کە دەبنە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، بەڵام لێرەدا چەند خاڵێک باس دەکەین کە وا لە تۆی شۆفێر دەکات بیر لە تیژڕەوی نەکەیتەوە.

١- یاسا ڕێگەت پێنادات کە لەو خێراییەی بۆت دیاریکراوە خێراتر بڕۆیت و ئەگەر ئەو سەرپێچییە بکەیت سزا دەدرێیت و ئەگەر لە کامێراکانی چاودێری خێراییەوە سەرپێچییەکەت بۆ تۆمار بکرێت سزاکەی لە (٧٠.٠٠٠) دینار دەست پێدەکات بۆ (٢٥٠.٠٠٠) دینار.

٢- بەنزین زیاتر بەفیڕۆ دەدەیت، کاتێک بە خێراییەکی زۆر شۆفێری دەکەیت ئۆتۆمبیلەکەت بەنزینێکی زۆرتر دەسوتێنێت.

٣- ژیانت دەخەیتە مەترسییەوە، لیخوڕینی خیرا بکوژە و تا خێراییەکەت زیاتربێت ئەگەری نزیک بوونەوەت لە مردن و کەم ئەندام بوون زیاتر دەبێت، شۆفێر لەکاتی خێرایی زۆردا کاتەکەی زۆر کەمتر دەبێتەوە بۆ بڕیاردان و وەستان لە ئەگەری دروست بوونی هەر بارودۆخێک لەسەر شەقامەکە، ڕەنگە یەک چرکە زیاتر ببێتە هۆی پاراستنی ژیانت کە بەدەستهێنانی ئەو چرکەیە تەنها بەوە دەبێت هێواشتر شۆفێری بکەیت.

٤- لە لێخوڕینی خێرا کاتی زۆرت بۆ ناگەڕێتەوە، ڕەنگە زۆرێک لە شۆفێران بیر لەوە بکەنەوە کە درەنگ کەوتوون بۆیە دەبێت بەخێرایی شۆفێری بکەن بۆئەوەی زووتر بگەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو جیاوازییەی لە خێرا لێخوڕین دەستت دەکەوێت زۆر کەمە و شایەنی ئەوە نییە ژیانتی بۆ بخەیتە مەترسییەوە.

٥- بیروهۆشی خۆت ماندوو دەکەیت بە خێرایی ڕۆشتن، لەڕاستیدا کاتێک بە خێرایی شۆفێری دەکەیت هیچ چێژێک لە شۆفێرییەکەت وەرناگریت و هەموو سەرنجت دەڕواتە سەر ئەوەی چۆن بە شەقامەکەدا بڕۆیت، وای لێدێت ماندوو و تووڕە دەبیت لە شێوازی شۆفێریکردنی خۆت لەبری ئەوەی شۆفێرییەکی چێژبەخش بە هێواش ڕۆشتن بە دەست بهێنیت.

٦-هەتا ئۆتۆمبێل خێرا بێت پێویستی بە مەوداو کاتی زیاترە بۆ وەستان

٧-ژیانت قورس دەکەیت لە بری ئاسانی بکەیت، لە راستیدا ئەم خاڵە زیاتر پەیوەندی بە خاڵی پێنجەمەوە هەیە، بەڵام زیاتر ڕوونی بکەینەوە گەر تۆ بتەوێت کۆنترۆڵی توڕەیی و بێتاقەتییەکانی خۆت بکەیت ئەوا لە لێخوڕینی هێواش زۆر بە ئاسانی دەستت دەکەوێت، نە تووشی سزای یاسایی و کامێرا دەبیت نە سەرئێشە بۆخۆت دروست دەکەیت لەگەڵ بەکارهێنەرانی تری شەقام.

٨- دەتوانیت کەسانی تێگەشتوو و ڕۆشنبیر بە شۆفێری کردنەکەیدا بناسیتەوە، ئەگەر تۆ لە شەقامێکدا شۆفێری بکەیت و لەسەرخۆو پابەندی یاساکان بیت کەسانی چواردەورت بە باش باست دەکەن و ڕەنگە بە شۆفێری نموونەیی ناوت بهێنن، بەڵام ئەو شۆفێرانەی تیژڕەون و بەکارهێنەرانی تری شەقام بێزار دەکەن هەمیشە تووشی لێپیچینەوەی یاسایی دەبن لەپاڵ ئەوەشدا خەڵکی بەباشە باسی ناکەن و ڕەنگە ووشەی نەشیاوی بەرامبەر بەکاربهێنن و هیواداربن هەرگیز ئەو شۆفێرە نەبیننەوە لەسەر ئەو شەقامەی پیایدا دەڕۆن.

سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی

 

کەشناسی: تاوە باران دەبارێت و خێرایی با زیاد دەکات
پێشت کەشناسی: تاوە باران دەبارێت و خێرایی با زیاد دەکات
٥ خواردنەوەی بەیانیان چەوری دەتوێنێتەوە
دواتر ٥ خواردنەوەی بەیانیان چەوری دەتوێنێتەوە
پەیوەندیدار