بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ” عەرەبی جەدید” ڕاگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی عێراق دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکە هەردوو بەغدای پایتەختی عێراق و هەولێر دەگرێتەوە.
ئەو بەرپرسە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەردۆغان بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی عێراق دەکات کە بەرپرسانی باڵای تورکیا، ژمارەیەک بازرگان و خاوەن کۆمپانیای جیاجیا لەخۆدەگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکە دوو ڕۆژ بۆ بەغدای پایتەخت و ڕۆژێک لە هەولێر دەخایەنێت.
بڕیارە لەم سەردانەدا کۆمەڵێک پرسی هەڵپەسێردراو چارەسەر بکرێن، دیارترینیان پارتی کرێکارانی کوردستان، ئاو، و هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
ڕۆژی 26ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، حکومەتی عێراق سەردانیکردنی ئەردۆغانی بۆ بەغدای پایتەخت ڕاگەیاند، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، بەڵام ئەو سەردانە کە بڕیاربوو لەماوەی چەند ڕۆژێکدا دوای یەکەم ڕاگەیاندن ئەنجام بدرێت، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی فەرمی دواخرا.
لای خۆیەوە، سۆبهان مەلا جياد، ڕاوێژکاری کاروباری سیاسی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە “عەرەبی جەدید” ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق بڕیاربوو لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەبچێت، بەڵام دواکەوت بەهۆی ئەو هەلومەرجەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویدا بەتایبەتی دوای بوومەلەرزە لە شارەکانی تورکیا و پاشان ڕووداو و پێشهاتەکانی غەززە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی ئەردۆغان زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە کاتی سەردانەکەدا دۆسێی ئاوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بەهۆی ئەوەی کاریگەری و گرنگییەکی دیاری بۆ عێراق هەیە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو قەیرانی ئاو و وشکەساڵییەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، جگە لە فایلە ئابورییەکانی پەیوەست بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت.
ئەوەشی خستوووەتەڕوو، فایلە ئەمنییەکان لە سەردانەکەی داهاتووی ئەردۆغان بۆ بەغدا لە پێشینەی گفتوگۆکانیان دەبێت، بەو پێیەی لایەنی عێراقی تاوتوێی ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنی گرنگی نێوان هەردوو وڵات دەکات، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر وەستاندنی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها فایلی بوونی سەربازی تورکیا لەناو هەرێمی کوردستان تاوتووێ دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد عەلی ئەلحەکیم، لێکۆڵەری کاروباری سیاسی بە “عەرەبی جەدید” ڕاگەیاند، سەردانی چاوەڕوانکراوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق جیاواز دەبێت لەگەڵ سەردانی هەندێک بەرپرس بۆ بەغدا، بەو پێیەی سەردانەکە نابێت ڕێککەوتنێکی پرۆتۆکۆڵی بێت، بەڵکو سەردانێک دەبێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات.
مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو محمد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانێکی فەرمی بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی گەورەی وەزاری و ئەمنی ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا چەند پرسێکی تاوتوێ کرد، دیارترینیان پرسی ئاسایش و ئەمنییەتی سنوورەکان، ئاو، وزە، هەروەها فراوانکردنی بازنەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.
سەختی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی تەواو لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا هەیە سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، بوونی ئەندامانی ئەو پارتە کە ئەنقەرە بە “ڕێکخراوی تیرۆریستی” لە خاکی عێراقدا پۆلێنی دەکات، بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین قەیرانی سیاسی لە نێوان هەردوو وڵات.