بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ته‌واوی لیسته‌كانی مووچه‌ی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان ئامادەكراون و له زووترین كاتدا ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن.
محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان٢٤ی راگەیاند، ماوه‌ی چوار رۆژە تیمی تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمێركاری له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ گشت وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به شه‌و و رۆژ خه‌ریكی ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ن.
دەشڵێت:” به هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ته‌واوی لیسته‌كانی مووچه‌ی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان ئامادەكراون و له زووترین كاتدا ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن تاوەكو په‌له‌بكرێت لە ره‌وانەكردنی شایسته داراییەكان.”
بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی راشیگەیاندووە، به‌پێی یاسای بودجه، پێویسته مانگانه به‌بێ دواكه‌وتن شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه ره‌وانه بكرێن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه كه بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوابكه‌وێت.
رۆژی ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤،. تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەگداوە ئاماژەی بەوەکرد، بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەروانی وەزارەتی دارایی دەکەن لیستی مووچەمان بۆبنێرن، بەڵام بۆ مووچەی مانگی ٣ تەنها لە رێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکەین.
هەروەها رۆژی ٤ی ئازاری ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،لە کۆبوونەوەی له‌گه‌ڵ کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان بۆ به‌غدا ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت و هۆکاری دواکەوتنەکەشی بۆ ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێكانی وەزارەتی دارایی عێراق گەڕاندەوە.