دوای بڕیارەکەی سودانی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین بڕیاریاندا وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەی لە هاووڵاتییان و فەرمانبەران بۆ مانگی رەمەزان رابگرن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٥ی ئازاری ٢٠٢٤، بانکی رەشید و رافیدەین بڵاویانکردەوە کە بە پشتبەستن بە بڕیار و رێنماییەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، و وەزیری دارایی عێراق بڕیاریاندا لە مانگی رەمەزاندا قەزری پێشینەکان لە هاووڵاتییان وەرنەگرنەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی بۆ مانگی رەمەزان دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان راگرتنی وەرگرتنەوەی قەرز و پیشینەکان بوو لە هاوڵاتییان و فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق.
لە بڕیارێکی دیکەیدا سودانی رایگەیاندووە، پێویستە لە مانگی رەمەزاندا پاڵپشتیی پسوڵەی خۆراك و سەبەتەی خۆراك زیادبكرێت، بە زیادكردنی ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراك.