بەهۆی مەرجی عێراق بۆ ناردنی لیستی مووچە تاوەكو پارەی مووچە ڕەوانە بكرێت و دواكەوتنی ناردنی لیستەكە جارێكی دیكە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوت و مانگێكی تێپەڕاند و بەرپرسانی كورد لە بەغدا و هەرێم هەر جارەی وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە ڕادەگەیەنن، بەڵام هێشتا خشتەی مووچە ڕانەگەیەنراوە.
لە ساڵی 2023دا تەنها 9 مووچە بەبێ پلەبەرزكردنەوە دابەشكرا و تا ئێستا چارەنووسی 3 مووچەی كۆتایی ئەو ساڵە نادیارە، هەرێم و عێراق هەریەكەیان دەیخەنە ئەستۆی ئەوی دیكەیان و دواجاریش دادگای فیدڕاڵی چارەنووسی مووچەی یەكلایی كردەوە و هەرێمی پابەند كرد بە ناردنی لیستی مووچە و مووچەخۆران و عێراقیشی پابەند كرد بە دابین كردنی پارەی مووچە.
ماوەی 5 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر مانگی ئادار (3) و تا ئێستا چارەنووسی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات (2) نادیارە.
مانگی 2ی ڕابردوو لە 2ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی مووچەخۆران كرا و لە 8ی مانگ كۆتایی هات، ئەمڕۆ، كە 5ی 3ی 2024ە ماوەی 33 ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە و هێشتا چارەنووسی دابەشكردنی مووچە نادیارە.
فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم هەموو مانگێك بۆ پێدانی مووچە دەبێت چەندین ڕۆژ چاوەڕێ بن و حكومەتی هەرێمیش تەنها كاتێك مووچە دابەش دەكات، كە پارەكەی بەغدا بگات، لەكاتێكدا داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم بە وتەی بەرپرسانی هەرێم: “مانگانە 340 ملیار دینارە و 120 ملیار دیناری بۆ خەرجی حكومەت و وەزارەت و دامودەزگاكان بەكاردەهێنرێتەوە”.
ڕۆژی هەینی 1ی ئادار وەزارەتی دارایی هەرێم “سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی پابەند كرد بە ئامادەكردنی لیستی مووچەخۆران بە زمانی عەرەبی لە ماوەی 24 كاتژمێردا بۆ ئەوەی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت”، بەڵام ماوەی 5 ڕۆژ تێپەڕیوە و بە وتەی سەرچاوەكانی هەواڵ لیستەكە ئەمڕۆ تەواو بووە و هێشتا ڕەوانەی بەغدا نەكراوە، بەوهۆیەشەوە تاوەكو لیستەكە ڕەوانە نەكرێت مووچە لە بەغداوە ناخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و بەوهۆیەوە دابەشكردنی مووچە دواكەوتووە.