سەرۆكی ئەركەكانی پۆلیسی ئیسلام ئاباد ڕایدەگەیەنێت، كۆمەڵێك چەكداری گومانلێكراو بە ئوتومبێلەكەیان بەخێرایی بەناو خاڵێكی پشكنینی ئیسلام ئابادا ڕۆیشتوون و دوای ئەوەی پۆلیس شوێنییان كەوتووە خۆیان تەقاندەوە، لەئەنجامدا ئەفسەرێكی پۆلیس كوژرا و كۆمەڵێكی دیكە برینداربوون.
سوهەیل زەفار، سەرۆكی ئەركەكانی پۆلیسی ئیسلام ئاباد بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، پیاوێك و ژنێك لەئوتومبێلەكەدا بوون و ئوتومبێلەكە لە خاڵە پشكنینەكە نەوەستاوە لە كاتێكدا پۆلیس هەوڵیداوە ڕایبگرێت، پۆلیس كە شوێن ئوتومبێلەكە كەوتن، سەرنشینی ناو ئوتومبێلەكە خۆیان تەقاندەوە و تەقینەوەكە خۆكوژی بوو.
ڕاشیگەیاندووە، بەهۆی ڕووداوەكەوە ئەفسەرێكی پۆلیس كوژراو چوار پۆلیس و دوو هاووڵاتی بریندار بوون و تەقینەوەكە لە نزیك بارەگایەكی پۆلیس ڕوویداوە لەسەر شەقامێكی سەرەكی كە دەچێتەوە سەر بیناكانی حكومەت كە بینای پەرلەمان و ئۆفیسە باڵاكانی دیكەی حكومەتی تێدایە.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی پاكستان ڕایگەیاندووە، ئوتومبێلەكە پڕبووە لە تەقەمەنی و بەرەو ئامانجێكی گرنگ ڕۆیشتووە لە پایتەخت، بۆیە ئەگەر ئوتومبێلەكە بگەیشتایەتە ئامانجەكەی، ئەوا زیانێكی گەورەی گیانی دەكەوتەوە.