سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەخت دەکاتەوە لە دەستوورییبوونی ئەو بڕیارانەی کە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داویانە و دەشڵێت، پێکهێنانی هەرێم مافێکی دەستوورییە.
جاسم عیمیەری، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە چاوپیکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پابەند کرد بە جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، خانەنشینان و سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە بانکە حکومییە فیدراڵییەکان و پارەکەش لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەبڕدرێت.
ڕاشیگەیاند، نابێت کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم ببنە هۆی جێبەجێنەکردنی ماددەکانی بودجە کە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بێبەشکردنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی مووچەی مانگانە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە بڕیارەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی هەرێم لایەنی تایبەتمەندە بۆ هەماهەنگیکردن لە نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی هەرێمدا، بەڵام ئەگەر وەزارەتی هەرێمی کوردستان بەرپەرچی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دایەوە، ئەو کات دەکرێت فەرمانگەکان ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیدا بکەن.
ئەوەشی بەبیرهێنایەوە کە ماددەی 111ی دەستووری عێراق دەڵێت، نەوت و غاز موڵکی گەلی عێراقن و پێویستە داهاتەکەی و داهاتی سەرچاوەکانی دیکەش بۆ هەموو گەلی عێراق بن.
جەختیشیکردەوە کە نابێت فەرمانبەرانی ناوەڕاست و باشوور لە کاتی خۆیدا مووچەی مانگانە وەربگرن، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەو مافە بێ بەش بکرێن، چونکە بەو شێوەیە یەکسانی بەدینایەت و سەردەکێشیت بۆ پێشێلکردنی دەستوور.
عیمیەری بە پێویستیشیزانی حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کار بکات، چونکە بڕیارەکە لەسەر بنەمای ماددەی 94 دەستوور دراوە و دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەند بن.
سەبارەت بە پێکهێنانی هەرێمیش لە عێراقدا، سەرۆکی دادگای فیدراڵی رایگەیاند، ماددەی 119ی دەستوور مافی بە هەر پارێزگایەک یان زیاتر داوە بە دوو ڕێگە ڕاپرسی بۆ پێکهێنانی هەرێم بکەن، یەکەم لە ڕێی داوای سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی دەیەوێت هەرێم دروست بکات، دووەمیش یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک کە خوازیاری پێکهێنانی هەرێمن.
سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەختیشیکردەوە لەوەی پێکهێنانی هەرێم مافێکی دەستووری هەر پارێزگایەکە، ئیتر ئەو پارێزگایە لە ناو یاخود دەرەوەی هەرێمێکدا بێت.
وتیشی: دەستوور دانیناوە بەوەی هەرێمی کوردستان بەو دەسەڵاتانەی کە هەیەتی هەرێمێکی فیدراڵییە، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی هەرێمی کوردستان مافی هەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکانی هەیە، نەک هەموارکردنی یاساکە، ئەگەرهاتوو دژیەکی هەبوو لە نێوان یاساییەکی فیدراڵی لەگەڵ یاسای هەرێم، بەڵام بەو مەرجەی یاساکە پەیوەندەی بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە نەبێت.