مەسرور بارزانی: با پشتیوانی لە قەوارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین



سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی راپەڕینەکەی 1991دا داوای پشتوانی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم دەکات و دەشڵێت: “زۆر گرنگ و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتەکان داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن”.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی ڕایگەیاند، “زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن”.

مەسرور بارزانی وتیشی: “با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین”.

دەقی پەیامەکە:

لە سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شکۆداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، ڕەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت كرد.

ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی یەكجارەكیی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو.

ئەمڕۆ کە یادی ڕاپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.

بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بە بوونی كوردستانەوە.

با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024/3/5

 

تۆمارکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێدەکات
پێت تۆمارکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێدەکات
لێدوانی نوێ لە وەزیری داراییەوە لە بارەی مووچە
دوات لێدوانی نوێ لە وەزیری داراییەوە لە بارەی مووچە
پەیوەنیدر