لێدوانی نوێ لە وەزیری داراییەوە لە بارەی مووچە



وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەک وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تا هیچ بیانویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە دکتۆر تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد، لەدیدارێکدا تیشک خرایە سەر دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران .

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند مانگی رابردوودا لەسەر هەمواری یاسای بودجەو چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتبونە رێککەوتن و چاوەڕێ بوون لە رێی هەمواری یاساکەوە لە پەرلەمان کێشەکە چارەسەر بکرێت و مووچە لەهەموو کێشەو ململانێیەک جیابکرێتەوە، بەڵام قەیرانی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کێشە سیاسییەکان تا ئێستا رێگربوون لەچارەسەری ئەو بابەتە.

وتیشی: وەک وەزارەتی دارایی هەماهەنگی تەواویان لە گەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هەیە و ماوەی 10 رۆژە تیمە هاوبەشەکان سەرقاڵی وردبینین لە خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان.

ئاوات شیخ جەناب، راشیگەیاندووە کە ئەوان وەک وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تا هیچ بیانویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت.

لای خۆشیەوە کونسوڵی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن، بۆئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بگەنە رێککەوتن لەسەر بودجەو مووچەی فەرمانبەران.

مەسرور بارزانی: با پشتیوانی لە قەوارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین
پێت مەسرور بارزانی: با پشتیوانی لە قەوارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین
بارانبارینی 12 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە
دوات بارانبارینی 12 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە
پەیوەنیدر