پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان كرد و ڕایگەیاند، مووچەی مووچەخۆران و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان وەك کۆبۆنی خۆراک و دەرهێنانی پاسپۆرت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و تێکەڵ بەهیچ دۆخ و ململانێیەکی سیاسیی نەکرێن.
ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، پێشوازی کرد لە شاندی پەرلەمانی عێراق، كە لە سەرۆک و جێگران و ئەندامانی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان پێکهاتبوون (خالید حەسەن ساڵح، سەرۆکی لیژنە و جەواد کەزوم موتلک، جێگری یەکەمی سەرۆک و کوردۆ عومەر، جێگری دووەمی سەرۆک و شیروان جەمال خزر، حامید ئەحمەد خزر، حامید ئەحمەد ساڵح، وەزیرە ئەحمەد برایم و سائیر عەبدولکازم مخیف؛ ئەندامانی لیژنە).
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای سلێمانی، لە کۆبوونەوەیەکدا بەوردیی گفتوگۆ لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان کرا.
پارێزگاری سلێمانی داوایکرد، “بوجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و مووچەی مووچەخۆران و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانیش وەک کۆبۆنی خۆراک و دەرهێنانی پاسپۆرت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و تێکەڵ بەهیچ دۆخ و ململانێیەکی سیاسیی نەکرێن”.
ڕاشیگەیاندووە، وەک مافی هاووڵاتیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کاری لەسەر بکرێت، نەک وەک ئەم دۆخەی 10 ساڵە هیچ بڕە پارەیەکی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان نەهاتۆتە هەرێم و پارێزگای سلێمانییەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، شاندەكە بەڵێنیان دا بەدواداچوونی تەواو بۆ هەموو ڕەخنە و پێشێلکاریی و پێشنیاز و ڕاسپاردە و داواکارییەکانی پارێزگاری سلێمانی بکەن.