كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ پەسەند كرد و ڕایگەیاند، ئەو ماوەیە قابیلی درێژکردنەوە نییە.
ئەمڕۆ یەك شەممە 3ی 3ی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی هەرێمیدا بڕیاریدا ڕۆژی 10ی حوزەیران (6)ی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەو بەروارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە بۆ ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
ڕاشیگەیاندووە، دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەكەنەوە و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن لە ماوەی نێوان ڕۆژی 5 تا 14ـی ئازار خۆیان تۆمار بکەن.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەم ماوەیە قابیلی درێژکردنەوە نییە.
کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشكردووە، خۆتۆمارکردن لە بەغداد و لە نووسینگەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێم ئەنجام دەدرێت.