نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەعێراق ڕایدەگەیەنێت ، عێراق دەتوانێت لە ساڵی 2023 پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆوە ببینێت بەتایبەت، كە ئێستا حكومەتی نوێ دەستی بەكارەكانی كردووە.
جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەعێراق لە پەیامێكدا ڕایگەیاندووە، كەس نكوڵی لەوە ناكات ساڵی 2022 ساڵێكی سەخت بوو بۆ عێراقییەكان، بەڵام كۆمەڵێك هۆكار وا دەكات عێراق ساڵی 2023ی باشتر بێت لە ئەمساڵ.
ڕاشیگەیاندووە، پاڵپشتی تەواوی هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق دەكەن، بە تایبەت كە ئێستا حكومەتی نوێ دەستی بەكاركردوە و پێیان وایە عێراق دەتوانێت لەساڵی داهاتوو پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆوە ببینێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لە ساڵی 2022 وێڕای دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت ململانێی نێوان لایەنە شیعیەكان گەیشتە قۆناغی ڕوبەڕوبونەوەی چەكداری و دواجار ململانێكان بەوازهێنانی موقتەدا سەدر، لەسیاسەت و دووركەوتنەوەی لەكایەی سیاسی كۆتایی هات و گۆڕەپانەكە لەبەردەم نەیارەكانی واڵابوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.