بەهۆی زیادبوونی مەترسییەكانی فراوان بوونی شەڕی ئۆكراینا و تێوەگلانی وڵاتانی ئەوروپا لە جەنگەكە بەهۆی بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگی، نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە و لەدوێنێوە 50 دۆلار چۆتە سەر یەك ئۆنسە.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی یەك ئۆنسەی زێڕ لە 2039 دۆلارەوە گەیشتۆتە 2085 دۆلار و بەوەش هەر ئۆنسەیەك نزیكەی 50 دۆلاری چۆتەسەر.
ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بووە بە 513 هەزار دینار و عەیاری 21 بووە بە 453 هەزار و عەیاری 18 بووە بە 393 هەزار دینار.
سەبارەت بە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ وتی، “لێدوانی نەرێنی یەک لە دوای یەک لە ئەمریکا و پشکی بانکی کۆمەڵایەتی نیویۆرک (NYSE:NYCB) بەڕێژەی 25.7% دابەزیوە، دوای ئەوەی بانکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2023دا زیانێکی گەورەی کراوە لەگەڵ پێوەرەکانی بانکی ناوچەیی KBW ئەمریکی بە ڕێژەی 2.5% دابەزیوە، هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ”.
شەو زێڕنگەرە هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو تۆمارە دەنگیەی بڵاوبۆتەوە، کە ئەگەر پشتڕاست ببێتەوە ئەوە دوورنیە جەنگی ئۆكراینا زۆر فراوان بێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تۆمارێکی دەنگی بڵاوبۆتەوە، کە تیایدا دەرکەوتووە سەرۆکی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا بەشداربووە لە ئۆپەراسیۆنێکی مووشەکی ئۆکرانییەکان بۆ سەر پردێکی دورگەی کریمیا و هەر بەپێی تۆمارە دەنگییەکە، بەریتانییەکانیش بەشدارن لە هێرشەکانی ئۆکراینادا بە ئامادەکردنی ستۆرم شادۆ و دیاریکردنی ئامانجەکان بۆ ئۆکراینا.