ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی هەرێم هەنگاوەکانی خێراتر بکات بۆ کردنەوەى لقەکانى بانکى ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێمی کوردستان.
بڕیار ڕەشید، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ڕایگەیاند، وەک ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق نووسراوى لارینەبوونى کردنەوەى لقەکانى بانکى ڕەشید و ڕافیدەینیان وەرگرتووە و ئامادەن لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستاندا لقەکانیان بکەنەوە، بەڵام ڕێکارەکانی کردنەوەیان لاى حکومەتى هەرێمى کوردستان مابوو.
ئاماژەی بەوەکرد، پاش بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى عێراق لەبارەى پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە، بۆ تەواوکردنى ڕێکارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کردنەوەى لقى بانکەکانى ڕەشید و ڕافیدەین پێویستە پەلە بکرێت، تاوەکو بە زووترین کات مووچەخۆران هەژمارەکانیان بکەنەوە.
بڕیار ڕەشید ئەوەشی خستەڕوو، ناکرێت ناچاری هاووڵاتییان بکرێت بۆ بانکێکی دیاری کراو بۆئەوەی مووچەی لێ وەربگرن، لەسەرتاسەرى عێراقدا مووچەخۆران سەرپشکن لەوەى لە چ بانکێک هەژمارى بانکى دەکەنەوە بۆ وەرگرتنى مووچەکانیان و وەرگرتنى قەرز و پێشینەکان.
وتیشی، بەپێی زانیارییەکان لەم هەفتەیەدا شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆئەوەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی تاووتوێ بکەن، بۆئەوەی گرفتی مووچەی مووچەخۆران چارەسەری ڕیشەیی بۆ بکرێت.
بە وتەی بڕیار ڕەشید، حکومەتی هەرێم لە پاش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ناچارە ئاسانکاری بکات بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێم، هاوکات هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی لقی ئەو بانکانەوە مووچەکانیان وەربگرن.
سەبارەت بە وتەکانی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کە ڕایگەیاند، بەبێ هەژماری بانکی پارەی مووچە بۆ هەرێم نانێرێت، ئەو پەرلەمانتارە وتی، تەنانەت وەزیری دارایی ناتوانێت پارەی مووچە بۆ هەرێم نەنێرێت، ڕاستە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی باسی کردنەوەی هەژمار بۆ مووچەخۆران دەکات، بەڵام دەشبێت مووچە بنێردرێت تا ئەو کاتەی هەژمارە بانکییەکان دەکرێنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەعێراقدا، هەریەک لە بانکەکانى ڕافیدەین و ڕەشید و نیشتمان و نەهرەین، مۆڵەتى فەرمییان لە بانکى ناوەندیى عێراق هەیە وەک بانکى حکومى مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت.