“ئەمریكا بەهۆی كێشەی یەكێتی و پارتییەوە هەلێکی تر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدات”



سەرچاوەیەکی باڵا لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە چوار مانگ دواخرا بەهۆی کێشەکانی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتەکەوە و “تا هاوپەیمانان هەلێکی تر بدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە.”

سەرچاوەیەکی باڵا لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، “دەبوایە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو هەڵسەنگاندنی ساڵانە بکرایە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک پیویست ئیشەکان نەچووبوونە پێشەوە، هەڵسەنگاندنەکەیان دواخست بۆ مانگی 1ی ئەمساڵ، ئەوەبوو لە 29ی مانگی یەک کرا، واتە نزیکەی زیاتر لە چوار مانگ دواخرا.”

وتیشی، “ئامانج لە دواخستنەکە بۆ ئەوەبوو چانسێکی باشتر بدەن بە کورد و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو چاکسازیانە بکات تا لە هەڵسەنگاندنەکە دەربچین، دەتوانم بڵێم لە هەڵسەنگاندنەکە دەرچووین، بەڵام بە نمرەیەکی کەم”.

پێشتر بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە چەندین جار ڕایانگەیاندووە، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕەخنە ئاڕاستەی وەزارەتەکە دەکرێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پێی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی لە نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگەدا هەیە.

ئاستەنگیەکانی بەردەم یەکگرتنەوەکەش بۆ کێشەکانی نێوان هێزەکانی 70ی یەکێتی و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دەگێڕنەوە.

بەڵام ڕۆژی 30ی مانگی یەک، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەمەڕ کۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکاریی ئاراستەکردنی پێشمەرگە، لە هەولێر بڵاو کردەوە و ناوەڕۆکی بەییانامەکە دەڵێت، “پێشکەوتنێکی بەرچاو هەبووە لە بوارەکانی دارایی و چاکسازی لە هەیکەلی هێزەکان.”

لە چەند مانگی ڕابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتەکە ئاڵۆزی زیاتریان بەخۆیانەوە بینی بەتایبەت لەسەر پرسی دابەشکردنی دەستەڵاتی ناو وەزارەت بە گوێرەی سیستەمی پەنجا بە پەنجا. بەڵام ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە (دەنگی ئەمریکا) دەڵێت: ئێستا “دۆخەکە باشترە.”

لیوا ڕوکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، وتی، “دۆخەکە باشترە، بەڵام هەموو بەربەستەکانیش لانەچوون.” هەرچەندە ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات لەو بارەیەوە.

ڕۆژی 24ی مانگی 2 سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەمریکا. یەکێک لە یاوەرەکانی شاندەکە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەیە و حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت: دوێنێ پێنج شەممە 2/29 شاندەکە لە واشنتۆن لەگەڵ ساشا بەیکەر، بریکاری وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت کۆبووەوە.

دەشڵێت: هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی و هارکاریکردنی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بەگشتیی. پشتگیریکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.

هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2016وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.

بە پێی لێکتێگەشتنە هاوبەشەکەی نێوان پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا) و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو 20 ملیۆن دۆلارە ساڵانە کەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە بارەی ڕۆڵی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە، وتى، “هاوپەیمانان چانسی زۆریان داوە بە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوام حسابێکی تایبەتتریان بۆ وەزارەتی پيشمەرگە کردوە، بەڵام کورد کەمترین سوودی لێ بینیوە، لە کاتێکدا دەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و پەیوەندیەکی پتەوتر دروست بکات”.

وتیشی، “دەرچوونی وەزارەت گەر بە دەرەجەیەکی خراپیش بێت لە هەڵسەنگاندنەکەی هاوپەیمانان، ڕەنگە هۆکار بێت بۆ ئەوەی ئاستی ڕەخنەکان کرمتر بووبێتەوە. لە ئێستاشدا بەرنامەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکگرتنەوە بەڕێوەدەچن، بەڵام پرۆسەکە خاوە، هەرچەندە نەوەستاوە”.

 

چین “بزن”ی كۆپی كرد
پێشت چین “بزن”ی كۆپی كرد
سەرۆك كۆمار پەیامێك ئاڕاستەی مامۆستایان دەكات
دواتر سەرۆك كۆمار پەیامێك ئاڕاستەی مامۆستایان دەكات
ەیوەندیدار