بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پلانەکانی بە لەسەرخۆیی دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەنگاوی تریشیان لە دژی هەرێم بەدوادادێت.
دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندwwe:”ترس هەیە لە بڕیاری تری عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان، چونکە پلانی سەرەکی عێراق بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، جا پلانەکان لە ڕێگەی برسیکردنی خەڵکەوە جێبەجێ دەکرێن یاخود لە ڕێگەی دروستکردنی کێشەی ئابوورییەوە بۆ هەرێم”.
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی وتیشی:”حکومەتی هەرێم بە نیازە بەیاننامەیەک دەربکات لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و نیگەرانی خۆی دەرببڕێت، بەڵام تازە بڕیارەکە دەرچووە و بووەتە ئەمری واقیع و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.”
فازڵ نەبی دەڵێت:”شیکردنەوە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی گوایە بە بێ هەژماری بانکی و کارتی زیرەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم خەرج ناکرێت هەڵەیە، بنەمای سەرەکی بڕیارەکەی دادگا خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانە، کردنەوەی هەژماری بانکی میکانیزمە و بەمانگێک جێبەجێ ناکرێت.”
راشیگەیاندووە”وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئەمەریکاش ناتوانێت بە مانگێک هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بکاتەوە، بەتایبەت جگە لە بانکی تی بی ئای هیچ بانکێکی تری حکومی لقی لە هەرێمی کوردستان نییە.”
دکتۆر فازڵ نەبی دەڵێت، “گەر بە لۆژیک کاربکرێت کێشە دروست نابێت. لە ماوەی مانگێکدا ناتوانرێت هەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆران بکرێتەوە، دەبێت حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێکبکەون تا ئەوکاتەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دادەنرێت بەغدا پارە بنێرێت.”
فازل نەبی، ئاماژەی بەوەشکردووە:”وەزیری دارایی ناتوانێت پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت، چونکە بڕیاری دادگایی فیدراڵی یەکلایی کەرەوەیە و دەبێت پابەندی بێت، بەڵام مەسەلەکە پێویستی بەجوڵەیەک هەیە لە هەرێمەوە تا ببرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیاری لەبارەوە بدرێت.”
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی جەختیکردەوە “مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم 920 ملیار دیناری دەوێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی عێراق مانگانە 775 ملیار دینارە، لە خانەنیشین و چاودێری کۆمەڵایەتیش 96 ملیار دینارە، ئەمە دەکاتە 870 ملیاردینار، وە لەگەڵ بودجەی پێشمەرگە پارەکە دەگاتە 900 ملیار دینار و کێشەی مووچە دروست نابێت.”