ئەنجوومەنی دیموکراتی گەل لە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان، كە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی هەیە یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی پەسەند كرد و دەنگی دا لەسەر ئەندامانی كۆمسیۆن.
یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی ئیدارەی خۆسەری هەرێمەكانی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا “ڕۆژئاوای كوردستان” پێكهاتووە لە 5 بەش و 27 ماددە.
ئەنجوومەنی دیموکراتی گەل بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتی ئەمڕۆ لە شاری ڕەققە كۆبووەوە و لەلایەن یاسر سلێمان، جێگری سەرۆكایەتی هاوبەشی ئەنجوومەنی دیموکراتی گەل ماددەكانی پڕۆژە یاساكەی خوێندەوە و دواتر دەنگ لەسەر بڕگە و ماددەكانی درا.
هەروەها ئەنجوومەن دەنگی لەسەر ئەندامێتی ئەندامانی کۆمسیۆن دا، کە ژمارەیان 20 ئەندامی نێر و مێ بوو بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکرابوون، بە سەرۆکایەتی ڕۆکن مەلا ئیبراهیم و حسێن ئەلشێخ و ماوەی یاساییان چوار ساڵ دەبێت.
پەسەندکردنی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاوا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە مانگی نیسانی داهاتوو
ئەرکی سەرەکیی کۆمسیۆنەکە ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران دەبێت بەگوێرەی مەرجەکانی دەنگدان، پەسەندکردنی خشتەی قەوارە سیاسییەکان و سەربەخۆکان، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە کاتی بوونی تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.