دەبێت جارێکی دیکە دامەزراوەکانی هەرێم بەهێزبکرێنەوە و متمانەی خەڵک بەدەستبهێننەوە،
حاکم قادر حەمەجان، لە میانی بەشداریکردنی لە سیمینارێكی یاسایی ، کە بۆ پارێزەران و خوێندكاران و لاوان و گەنجان سازکرابوو، ڕایگەیاند جێبەجێکردنی یاسا بەدادپەروەری بەسەر هەمواندا زامنی تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانە، بە پێچەوانەوە دەستێوەردان و جێبەجێنەکردنی یاسا و نادادپەروەری لە جێبەجێکردنی یاساکاندا وا دەکات قەیرانی گەورەتر لە هەرێم دروست بێت.
سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەسەر پرسی مووچە، حاکم قادر باسی لەوە کرد، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە و وادەکات کە قەیرانی مووچە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام لەوە گرنگتر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەیە و ناکرێت پرسی کردنەوەی هەژماری بانکی لە ماوەی مانگێکدا بخرێتە ئەستۆی هەرێم، کە بە وتەی شارەزایانی بوارەکە ئەو پرسە ماوەی درێژتری پێویستە، بۆیە ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیەش بنرێت، پێویستە هەرێم و بەغدا پێکەوە ڕێکارێکی خێرا بۆ چارەسەری ئەو پرسە بدۆزنەوە، کە هەرچۆنێک بێت گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست نەبێت.
حاکم قادر وتیشی ئەم هەلومەرجەی هاوپەیمانان و دۆستەکانمان بۆیان ڕەخساندووین نابێت لەدەستی بدەین و کاربکەین بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانمان، ئەوەش بە پارێگاریکردن دەبێت لە ئازادی و دیموکراسی لە هەرێم.
لە کۆتایی قسەکانیدا حاکم قادر تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنەکان و ڕایگەیاند، ناکرێت و قبوڵکراو نابێت کە لەوە زیاتر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان و شارەوانییەکان دوابخرێن، و پێویستە سەر لەنوێ دامەزراوەکانی هەرێم بەهێزبکرێنەوە و متمانەی خەڵک وەربگرنەوە ، دواتریش بە خێرایی کار بۆئەوە بکرێت هەرێم ببێتە خاوەنی دەستوورێکی مۆدێرن، کە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراتی بنچینەکەی پێکبهێنن.