بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای سوور كاردەكاتە سەر ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و بارانی لەلێزمە دەبارێت و كەشناسی عێراق هۆشداری لافاو بە پێنج پارێزگا دەدات.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی، بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی دیمەنی ئێستای ڕادارەكان، نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای سوور و كاریگەری شەپۆلەكە لەناوچەكانی سنووری باشووری عێراق و سنووری نێوان عێراق و سعودییە دەركەوتوه.
ڕاشیگەیاند، بەتێپەڕبونی كات و بەتایبەتیش لەدرەنگانێكی شەودا كاریگەری شەپۆلەكە لەناوچەكانی كوردستان بەدیار دەكەوێت و تا سنوری سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەری باران هەیە بەشێوەی مامناوەند بۆ باش بەتایبەتی سنوری گەرمیان ڕێژەی باران زیاتر دەبێ.
وتیشی، “ناوچەكانی تر وەك كەركوك و هەولێر و دهۆك و ڕاپەڕین ئەگەری بارانبارینی لاوازە هەندێك جار ئەگەری ڕێژنە بارانی كەم هەیە”.
لای خۆشیەوە، عامر جابری، شارەزای كەشناسی عێراقی بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، لە ئەمڕۆوە هەینی، كاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە كاردەكاتە سەر وڵات و بارانی بەلێزمە و مامناوەند بەتایبەت لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی وڵات دەبارێت و بەتایبەتیش لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری وڵات.
ڕاشیگەیاندووە، پێشبینی ئەوە دەكرێت لافاو لە ناوچەكانی پارێزگای (دیالە، میسان، واست، بەسرە، موسەننا* دروست ببێت بەهۆی لێزمە بارانە
ئەو شارەزایەی كەشناسی هۆشداری دەكات و داوای “گرتنەبەری ڕێكای خێرا و پێویست دەكات بۆ پاراستنی هاووڵاتیان” و جەختیشدەكاتەوە، لەگەڵ ئەو نزمە ئاڵەپەستۆیەدا پلەكانی گەرما دادەبەزن.