بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی ڕایگەیاند، هێشتا ڕوون نییە بەغدا داوای چی دەکات سەبارەت بە هەژماری بانکیی مووچەخۆران، جەختی لەوەشکردەوە، “ئەستەمە لە ماوەیەکی کەمدا فەرمانبەرانی هەرێم هەژماری بانکییان هەبێت.”
د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی ڕایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لە داهات و خەرجی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بکرێت، لە دوێنێشەوە تیمێکی دیوانی چاودێریی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستانن و سەرقاڵی وردبینین لە داهات و خەرجیی مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو تاوەکو کانوونی یەکەم.
باسی لەوەشکرد، لە یاسای بودجە بەهۆی ئینفاقی فعلییەوە غەدرێکی گەورە لە هەرێمی کوردستان کراوە، چونکە ئەو بودجەیەی دیاریکراوە بۆ هەرێم نانێردرێت، بەهۆیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوادەکەوێت.
د. محەمەد زراری ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا ڕوون نییە بەغدا داوای چی دەکات سەبارەت بە هەژماری بانکیی مووچەخۆران، بەڵام ئەوە ڕوونە کە ئەستەمە هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کەمترین کاتدا هەژماری بانکیان هەبێت، چونکە دروستکردنی هەژمار ئاسان نییە.
هەر ئەمڕۆ هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەغدا هەشت ساڵ لە ڕێگەی 20 بانکەوە کار بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی دەکات و تەواوی نەکردووە، چۆن دەکرێت لە مانگێکدا ئێمە ئەو کارە بکەین؟
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوینێ سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، کە تەیف سامی سوێندی خواردووە کە مووچەی مانگی ئادار نانێرێت، ئەگەر هەژماری بانکی لە بانکەکانی عێراق بۆ مووچەخۆران نەکرێتەوە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21 شوبات 2024 بڕیاری دا کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بڕیاری گواستنهوهی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێمی دا بۆ سەر بانكە فیدڕاڵییەكان.
هاوکات تا ئێستا پڕۆسەی هەژماری بانکی هێشتا تەواو نەبووە، تاوەکو ئێستا 210 هەزار مووچەخۆر هەژماریان هەیە و 90 هەزاریان کارتەکانیان وەرگرتووە، لە هەندێک شوێندا لە ڕێگەی هەژمارەکانیانەوە مووچەیان وەرگرت.