ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێدانی مووچەی فەرمانبەر لەسەر بنەمای جێگیركردنی مووچە دەبێت لە بانكێكی نیشتمانی (حكومی) یان ئەهلی مۆڵەتپێدراو لەلایەن بانكی ناوەندییەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری، بە ڕووداوی ڕاگەیاند، لە دوای جێگیركردنی مووچە، فەرمانگەكان مانگانە مووچەی فەرمانبەرەكە دەخەنە سەر هەژماری ئەو فەرمانبەرە لەو بانكەی هەژمارەكەی تێیدا كردۆتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لەسەر بنەمای بەئەلیكترۆنیكردنی مووچەكان لە بانكە نیشتمانی (حكومی) یان ئەهلییە مۆڵەتپێدراوەكان لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە، فەرمانبەر بۆی هەیە یەكێك لەم بانكانە هەڵبژێرێت و هەژمارێكی بانكی تێیدا بكاتەوە. دواتر فەرمانگەكان بەشێوەیەكی مانگانە، مووچەی فەرمانبەرەكە دەخەنە سەر ئەو هەژمارە بانكییەی فەرمانبەرەكە كردوویەتییەوە و هەژمارەكە هەژماری پاشەكەوتی دەبێت.
وتوشیەتی، “فەرمانبەرەكە لەلایەن بانكەكەیەوە كارتێكی بانكی پێ دەدرێت بۆ نموونە (كۆمپانیاكانی كی كارد یان كۆمپانیای سوچ یاخو كۆمپانیای نەخیل….هتد) بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی مانگانە مووچەكەی لێ وەربگرێت. بانكەكە یەكێك لەم كارتانە دەستنیشان دەكات و دەیداتە فەرمانبەرەكە. هەژماری فەرمانبەرەكە لە بانكەكەدا بە كارتی دڵنیاییەوە گرێ دەدرێت”.
ڕوونیشی كردەوە، فەرمانبەرەكە بۆی هەیە تەواوی مووچەكەی یان بەشێكی بە كاش ڕابكێشێت لە ڕێگەی ئامێرەكانی ATM یان Point Of Cash (POC) كە لە هەموو شوێنێك هەن و لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتە مۆڵەتپێدراوەكانەوە بەردەستە. هەروەها فەرمانبەرە خاوەن كارتە ئەلیكترۆنییەكە بۆی هەیە لە رێگەی مۆبایل و ئامێری point of sale خەرجییەكانی لە كۆگە و فرۆشگا بازرگانییەكان و خواردنگەكانیش بەكاربهێنێت.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەکۆبونەوەی لیژنەی دارایی تەیف سامی وتی؛ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی نەماوە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچە (توگین) لەڕێی بانکەوە دەنێرین، تەنها بۆ ئەم مانگە بەلیست مووچە دەدەین بەهەرێم، با زوو لیستی مووچەی مانگی دوو بنێرن.
ئاشكراشی كرد، “وەزیری دارایی عێراق وتی، بەڵام بۆ مانگی سێ بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەڕێگەی بانکەوە مووچە دەنێرین”.