عەبدولواحید محەمەد – نووسەر
ئاشکرایە موعەمەر قەزافی تاکڕەو و لەخۆبایی بوو، نە لە کەس دەچوو نە کەسیش بەو دەچوو، سیستەمێکی تەواو جیاوازی لە هەموو ڕووێکەوە پەیڕەودەکرد، چونکە نە شۆسیالیستی بوو نە سەرمایەداری، تێکەڵ و پێکەڵیەک تەنها خۆی سەری لێدەردەچوو، لێ لەگەڵ ئەوەشدا لیبیا هەر یەک لیبیا بوو، خەڵکەکشی لە جۆرێک لە ڕەفاهییەتدا دەژیان، هەر کەسە و پشکی خۆی لە سامانی سەرخان و بنخانی وڵاتەکە هەبوو.
ئابوورییەکی باش و پارەیەکی بەهێز تەنانەت دینارێک بەرامبەر بە دۆلارێک و زیاتریش بوو، تەنها شتێک لەو وڵاتە قەدەغە و ماڵوێرانی بەدواوە بوو، ئەویش سیاسەتکردن بەدیوە نەویستراوەکەی قەزافی و دەسەڵاتەکەی، دەنا ئەوەیتر هەر وەک لە پێشدا وتمان هەر چیان بکردبا سەرپشک و ئازادبوون.
ئەوەی قەزافی تووشی بەڵاکرد، سەرکێشی، غروری و لەخۆبایی بوونەکەی بەو هەموو سەروەت و سامانەی لەبن دەستیدابوو، بەوە پەلیدەکوتا بۆ هەموو لایەک، جارێک پان عەرەبی و جارێکیتریش پان ئەفریقی، خۆکردنە مەلیک و پاشانیش مەلیکی مەلیکان، ئیتر لێدانی سکەی زێڕ و کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی سەیروسەمەرە کە دواجار سەریکێشا بۆ لەناوبردنی.
پێویستە ئەوەش بوترێت بۆ کوردیش باشبوو، تەنانەت لە دیدارێک لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ و بینینی جەنابی مام جەلالی ڕەحمەتی ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکاریەکی نیشاندا بوو.
هەموو ئەو خەسڵەتانەی ئەو پیاوە بە باش و خراپیەوە، بووە بەڵای سەری خۆی و خانەوادەکەی، چونکە بەوە ڕۆژئاوا بە تەواوی لێی وەڕس و بێزارببوون، بگرە بە مەترسیشیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دادەنا، بەڕاستیش لە هەلێک دەگەڕان تا لەناوی ببەن، پاییزی عەرەبیان قۆستەوە، کە لە بنەڕەتدا پڕۆژەی خۆیان بوو، بۆ داڕشتنەوەی جوگرافیای سیاسی دەڤەرەکە و دابەشکردنی پاروە چەوورەکەیان.
لەژێر ناوی پارێزگاری شۆڕشگێڕان، چەسپاندنی دیموکراسیەت، مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هانی بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتەیاندا تاوەکو ڕووبەڕووی دار و دەستەڵاتەکەی قەزافی ببنەوە.
بۆ ئەو مەبەستە لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ جوڵانەوەیەک ڕاگەیانرا و بەپشتیوانی ڕاستەخۆی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و هەندێک وڵاتیتر، سەرەنجام دوای ملمڵانێیەکی توند کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی قەزافی هێنرا و تەنانەت خودی خۆشی دەسگیرکرا و کوشتیان.
خەڵکی ئەو وڵاتە خۆشی خۆشیان بوو، گوایە ڕژێمێکی ئیستبدادی کۆتایی پێهێنراوە و لێرە بەدواوە وڵاتەکە دەبێتە بەهەشت و هەموو شتێک بێبڕان و ئازاددەبێت، ڕاستییەکەی هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە، نە دیموکراتیەت، نە مافی مرۆڤ، نە ئازادی ڕادەربڕین و نە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، شۆڕشی جەماوەریش لە درۆییەکی شاخدار زیاتر هیچیتر نەبوو.
ئێستا لیبیا بۆتە گۆڕەپانێکی کراوەی زۆر جیاواز لە سەروەختی قەزافی لەوانە:
یەکەم، لە بری وڵاتێک بووەتە سێ وڵاتۆکەی ڕێک لەسەر نەخشە کۆنەکەی سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانلی، کە بریتیبوو لە ویلاییەتەکانی بەرقە، فەزان و تەرابولس.
دووەم، لە بری یەک دەسەڵات، سێ دەسەڵاتۆکە هەیە، یەکیان لە ڕۆژهەڵات کە خۆی لە سوپا و پەرلەمان دەبینێتەوە، ئەوەی دیکەیان لە تەرابولس و دەوروبەری کە بریتییە لە حکومەتێکی دیفاکتۆ و سەرۆکەکەی وەک بوکەڵە وایە، لە پشتەوە هەڵیدەپەڕێنن، ئەوەکەی تریش لە خواروی لیبیا کە پاشماوەی ڕژێمی قەزافی کاریگەریان لەسەری هەیە.
سێیەم، لە بری یەک لەشکر دەیان ملیشیا هەیە، هەر یەکەیان هەژمار بۆ ئەوەکەیتر ناکات، لەناو پایتەخەوە چەندین شەڕی گەورە ڕوویداوە جگە لە شوێنەکانیتر.
چوارەم، چەندین وڵات بەئاشکرا دەست لە کاروبارەکەی وەردەن، لەوانە تورکیا، گروپی ڤاگنەری ڕوسی، مسریش لەبەر سنوری ڕۆژئاوای بەردەوام حزوری هەیە.
پێنجەم، ئابووری کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە زۆر خراپ بووە بەردەوام موچەکانیان دوادەکەوێت، ئەوەتا لە بیروەری ١١ساڵەی بزاڤی خەڵک بە هاندانی ڕۆژئاواییەکان، دوو ملیۆن فەرمانبەر و مامۆستا دوو مانگ دەبێت مووچەکانیان پێنەدراوە، ئەمە لە حاڵێکدا پارەکەشیان هێزی کڕینی زۆر دابەزیوە، بە جۆرێک دۆلارێک بەرامبەر حەوت دیناری لیبیە.
شەشەم، گەندەڵی بەئاشکرا هەموو جومگەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، دوا گەندەڵی زۆر زەقی ئەو وڵاتە، دوو مانگە مووچەی دوو ملیۆن فەرمانبەر نەدراوە ، حکومەتۆکەکەی عەبدلحەمید دبەیبە زیاتر لە٢٠٠ ملیۆن دۆلار لە ئاهەنگەکانی ١٧ی شوبات، کە دەکاتە (١١) ساڵەی دەسپێکی جوڵانەوەی خەڵک دژی ڕژێمەکەی موعەمەر قەزافی، خەرجدەکات.
بە پێی زۆربەی سەرچاوە هەواڵیەکان و لێکۆڵینەوە و بەدواداچونەکان ئەو واقیعە وای لە خەڵکی لیبیا کردووە، ئەسەف بۆ ڕژێمە کۆنەکەیان بخوازن، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی، ئەو بنەماڵەیە دەبێت ڕۆڵبگێڕن لە هێورکردنەوەی بارودۆخە ئاڵۆزکاوییەکە.
لەم دواییە عەبدوڵڵا باتیلی، نێردەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرش ئەمینداری نەتەوەیەکگرتووەکان، بەفەرمی داوای لە سەیفل ئیسلامی کوڕی قەزافی کردووە تاوەکو هەماهەنگ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە قوڵەکان.
بەڕاستی ئەو بارودۆخە زۆر خراپەی لیبیا نمونەی چەندین وڵاتی دیکەیە، کە ڕۆژئاواییەکان لەژێر کۆمەڵێک ناو و نیشانی درۆینە بەسەریان هێناون، بەشێوەیەک هاووڵاتییەکانیان بەتەواوی وەڕس و برسی کردووە، بۆ خۆیانیش سەرخان و بنخانەکەی دەخۆن.
یەک شت زۆر گرنگە دەرس و پەندی لێوەربگیرێت، ئەویش ئەوەیە، تا دەکرێت دەبێت گەلەکان یەکگرتووبن و پڕۆژەی خۆیان و وڵاتیان هەبێت، نەک ئەجیندای ئەم و ئەو.
بێ شک بۆ کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، زۆر زۆر ڕاستە و دەبێت وابکرێت، ئەگەرنا هەموو ڕەنجەکان بەهەدەر دەڕوات.