ئەمڕۆ شەممە 24ی شوبات، ماوەی ٤٠ ڕۆژ بەسەر هێرشە مووشەکییەکەی سەر ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی لە هەولێر تێپەڕی، کە تیایدا خۆی و کچەکەی و هاوڕێیەکی و دوو کارگوزاری گیانیان لەدەستدا.
لە هێرشە مووشەكییەكەدا، كە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئەنجام درا، پێشڕەو دزەیی، کە بازرگانێکی دیاری شاری هەولێر بوو لەگەڵ کچەکەی و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکیدا دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و “میشێل” کە کارگوزارێكی دیكەی ئەو ماڵە بوو پاشە چەندین ڕۆژ لەگەڕان بەدوای تەرمەكەی، نەدۆزرایەوە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە مەڕاسیمی چلەدا وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، سەرەخۆشی لە خانەوادەی پێشڕەو دزەیی و هاوڕێکەی و کارگوزارەکەشی کرد.
وتیشی، “پێشڕەو دزەیی بە ناڕەوا لە هێرشیکی مووشەکی بێ پاساو و بێبنەمادا گیانی لەدەستدا، لەكاتێكدا هەمیشە خەونی بەرەوپێشبردنی کوردستانی هەبووە، بەڵام رێگە نەدرا بگات بە خەونەکەی”.
ههرچهنده بەفەرمی پێشتر حكومهتی ههرێم چارهنووسی “میشێل میندۆزا” ئهو كارگوزارهی ماڵی پێشڕهو دزهیی ئاشکرا نەکردووەبوو،، بهڵام ئهمڕۆ بۆ یهكهمجار، وهزیری ناوخۆی حكومهتی ههرێم لە وتارەكەیدا گیانلەدەستدانی ناوبراوی پشتڕاست كردەوە و وتی: “سهرهخۆشی له بنهماڵهی میشێل دهكهین”.
لە درەنگانی شەوی ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی چەند مووشەکێکی بالیستی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر هەولێر و سێ مووشەک ئاڕاستەی ماڵی پێشرەو دزەیی بازرگان و وەبەرهێنی شاری هەولێر کرا و بەهۆیەوە پێشڕەو دزەیی و هاوڕێیەکی و کچەکەی و دوو کارگوزاری گیانیان لەدەستدا.