هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم دوو گروپی تیرۆریستی ئاشکرادەکات کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ڕۆژی ٢٠٢٣/١٠/٢١ بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو گروپ لە دەڤەری پشدەر و بتوێن لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەویان وەرگرتووە و پیلانیان هەبووە بچنە ڕیزەکانی داعش و ببنە چەکداری ئەو گرووپە تیرۆریستییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگەی دروست لەسەر مەرامی تیرۆریستان و ناو و ناونیشانیان، ماوەی ٢٠ رۆژ خرانە ژێرچاودێری بەردەوام و پاشان بەڕەزامەندی دادوەر لە ئۆپراسیۆنێکدا ٢٠٢٣/١٢/١٥لە قەڵادزێ ١٠ تیرۆریست دەستگیرکران و دووانیان ئافرەتن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕکرانەوە و لە هەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاجیای هێزەکانی ئۆپراسیۆن لە٢٠٢٣/١٢/١٧ لە ڕانیە ، قەڵادزێ ، ژاراوە ، حاجی ئاوا ، شکارتە ٢٠ تیرۆریستی تر دەستگیرکران و ڕووبەڕوی یاساکرانەوە.
ئاسایشی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە:”سەرئەنجام بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم گروپەی تیرۆریستیەی داعش لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ بڵاوکردنەوەی فکری توندڕەوی داعش کردوە چەندین جار پیلانیان داناوە هیجرەت بکەن بەڵام بە بڕیاری داعش کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبووە لەگەڵیان لەناو شارەکان هێڵراونەتەوە تا بەنهێنی بانگەشە بۆ داعش بکەن و گروپەکانیان بەرفراوانتر بکەن”.
ئاسایش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دەشڵێت:”هەموو لایەکیش دڵنیادەکەینەوە هەر مەرام و پیلانێک دژی ئاسایشی گشتی و ئارامی هەرێم و کۆمەڵانی خەڵک بێت شکستی پێدەهێنین و بەدەستێکی پۆڵاینی هێزەکانمان ڕووبەڕویان دەبینەوە و پەلکێشی یاساو دادگاکانیان دەکەین، جێ خۆیەتی سوپاسی بێپایانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانمان بوون بۆ ئارامی و ئاسایشی نیشتیمانەکەمان”.