جارێکی دیکە رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی، لە پارێزگای دهۆک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایەوە دەستگیرکرا.
بە پێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک بە سکاڵایەکی زیندانی چاکسازی زرکا، کاتژمێر ١٠:٣٠ ئەم بەیانییە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئومێد بەرۆشکی و دەستگیریان کردووە، و پاشان ڕاستەوخۆ ئومێد بەرۆشکی گواستراوەتەوە بۆ زیندانی چاکسازیی زڕکا لە دهۆک.
ئەیهان سەعید، چالاکوانی مافی مرۆڤ رایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنیی پارێزگای دهۆک چوونەتەسەر ماڵی رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی، دەستگیریانکردوە و بۆ بنکەی چاکسازی زرکا یان گواستووەتەوە.
رۆژی 23ی مانگی رابردوو، چاکسازیی گەوران بەتۆمەتی ناوزڕاندن لە شاری دهۆک سکاڵای لەسەر ئومێد بەرۆشکی تۆمارکرد.
ئەیهان سەعید باسی لەوەشکرد، دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی نایاساییە و هیچ ناوزڕاندنێکی نەکردووە، چونکە هەواڵی رفاندنی مەلا نەزیر راستە و کەسوکاریشی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە.
رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی یەکێک بوو لە دەستگیرکراوانى بادینان، لە ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ زیاتر لە ٩٠ چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دیکەی بادیناندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و لە ٢٢ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ ئازادکرا، جارێكی دیکەش لە ٢٠ـی تەمووزی ساڵی ڕابردوو دەستگیرکرایەوە.