مەسرور بارزانی سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد، مۆنۆمێنتی شەهیدانی بەسەرکردەوە و بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی دانا، هاوکات لەوێ یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی بە هاووڵاتییەک بەخشی.
بەیانی ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشەکانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی بەسەرکردەوە و تاجەگوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدان دانا، لە یاداشتێکدا نووسیویەتی: “خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین”.
دواتر سەردانی باڵەخانەی پارێزگای شارەکەی کرد، پاشان چووە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و لەوێ یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە (23 A10000)ی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجەی بە هاووڵاتییەکی شارەکە بەخشی.
ئەو کەسەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران تابلۆکەی هەڵەبجەی پێ بەخشی، ناوی “ئومێد حەمە عەلی”ە لە ساڵی 1974 لە کاتی بۆردوومانی شاری هەڵەبجەدا دایکی و دوو خوشکی شەهید دەبن، ئومێد و باوکی ڕزگاریان دەبێت.
پاشان باوکی هاوسەرگیری دەکاتەوە و لە کیمیابارانی ساڵی 1988 جارێکی دیکە ماڵوێران دەبن، بەهۆی کیمیابارانەکەوە دوو خوشک، دوو برا و دایکی دووەمی شەهید دەبن، تەنها ئومێد، یەک خوشک و باوکی بە زیندوویی دەمێننەوە.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەڵەبجە، مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی پرد و ڕێگەی تووەقووتی دانا، کە ڕێگەی کەلار-هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.