سۆران عومەر: هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێتەوە



ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی مایەی دڵخۆشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، چونکە ماوەیەکی زۆرە لێبڕین و دواکەوتنی مووچە، هاووڵاتییانی هەرێمی خستبووە قەیرانەوە.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر پرسی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە وردی گفتوگۆ بکەن، چونکە ئەو پرسە گرنگە و کاتی پێویستە.

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت حکومەتی فیدراڵ هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن و ٢٠٢ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و مووچەکانیان بخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییە، لە ڕێگەی ئەو بانکانەی کە سەر بە بانکی ناوەندین و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی ناسێندراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر مووچەخۆرێک خۆی نەچێت بۆ بانکەکە و سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانی پێ نەبێت و ناوی لە لیستەکەدا نەبێت و پەنجەمۆری نەبێت، نابێت بە خاوەنی کارتی بانکی و مووچەی پێنادرێت .

بە وتەی سۆران عومەر، لەدوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، هەردوو حکومەت پابەند دەکرێن بەوەی بە زوویی هەژماری بانکی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێتەوە، گرفتی دواکەوتنی مووچە بە تەواوی چارەسەر دەبێت.

سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی باسی لەوەکرد، لە بڕیارەکەدا ئەوەش هەیە کە پێویستە مووچە فەوتاوەکان بگێڕدرێتەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ئەو قەرزە لای کام حکومەتە و بە چ میکانزمێک دەدرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بانکە فیدراڵییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەبێت سەرجەم داهاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکاتەوە.

وەزیرانی بازرگانی عێراق و هەرێم دەربارەی گرانبوونی نرخی گۆشت ڕوونکردنەوە دەدەن
پێت وەزیرانی بازرگانی عێراق و هەرێم دەربارەی گرانبوونی نرخی گۆشت ڕوونکردنەوە دەدەن
“بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کاریگەری خراپی دەبێت”
دوات “بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کاریگەری خراپی دەبێت”
پەیوەنیدر