دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەدوای كۆتایی هاتنی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی و دەرچوونی بڕیاری دادگا لە بەرژەوەندی مووچەخۆران ڕایدەگەیەنێت، “مامۆستایانی ئازیز بە سەربەرزانە بچنەوە دەوام”.
ئەمڕۆ چوار شەممە، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری گواستنهوهی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێمی دا بۆ سەر بانكە فیدڕاڵییەكان و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقی پابەند كرد بە ڕادەستكردنی لیستی مووچەخۆران و پێدانی مووچەی مانگانە بە مووچەخۆرانی هەرێم.
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە پەیامێكدا مژدە دەداتە سەرجەم فەرمانبەران و ڕایدەگەیەنێت، “مامۆستایانی ئازیز بە سەربەرزانە بچنەوە دەوام”.
ڕاشیگەیاندووە، “ئەوەی پێیوابوو شکۆی مامۆستایان شکاوە، بە پێچەوانەوە لە دادگای فیدڕاڵییەوە شکۆیان شکێنرا”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئێمە سەرمەشق و ڕچە شکێنی ڕێگەی بەغداد و دادگای فیدراڵی بووین، لەکاتێکدا هەندێک گاڵتەیان لێدەهات و توانجیان لێدەداین ئێستا زانیتان چۆن گورزێکتان بەرکەوت؟ چاوەڕوانی هەنگاوە شۆکهێنەرەکانمانبن. جارێ ماویەتی”.
بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بە ڕادەستكردنی لیستی مووچەخۆران بە بەغدا و چاودێری كردنی لەلایەن چاودێری دارایی عێراق و هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیش پابەند دەكات بە ناردنی مانگانەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانكە فیدڕاڵییەكانەوە.