سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆكان ڕایدەگەیەنێت، كە تاپۆكردنی خانووەكانی گەڕەكی مەلاداود دەستپێدەكات و جەختیشدەكاتەوە، كارتی نیشتمانی یان ڕەگەزنامە و پێناسی خۆیان و هاوسەریان لە ماڵەوە ئامادەبكەن و چاوەڕوانی پەیوەندی تەلەفۆنی لیژنەی لاوەكی ڕۆژئاوا بكەن.
یاساناس دیلمان لەتیف، سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆكان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پاش ئەوەی تاپۆكردنی خانووەكانی كەنەكەوەی ئیسكان و كەنەكەوەی دەواجن و كەنەكەوەی حاجی قادری قەپڵان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێستا تاپۆكردنی خانووەكانی گەڕەكی مەلاداود ڕادەگەیەنین، كە بەپێی یاسای (ژمارە 3 ساڵی 2019 هەمواركراو) كاریان بۆ دەكرێت جگە لە حەرەمی گوندی مەلاداود، كە بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە هەتا وەزیری ناوخۆ بڕیار لە پەسەندكردنی فراوانكردنەكەی دەدات.
وتیشی، “ئەو هاووڵاتیانەی مەلاداود، كە لە ماوەی یاساییدا داواكارییان پێشكەش بە پارێزگای سلێمانی كردووە با كۆپی كارتی نیشتمانی یان ڕەگەزنامە و پێناسی خۆیان و هاوسەریان لە ماڵەوە ئامادەبكەن و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنەی لاوەكیی ڕۆژئاوا بكەن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئەو ژمارە مۆبایلەتان گۆڕیوە، كە كاتی خۆی لەسەر داواكارییەكە نووسیوتانە ئەوا سەردانی لیژنەی لاوەكیی ڕۆژئاوا بكەن لە شارەوانی ڕۆژئاوا بۆ دانانی ژمارەی نوێی مۆبایلەكەتان.