دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی کەم کردەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیشی هەڵوەشاندەوە.
دوای چەندینجار دواخستن، ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەو سکاڵایەی یەکلا کردەوە کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و کۆتای پێکهاتەکان تۆمار کرابوو.
دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان 100 ئەندام بیت و بەوەشی کۆتای پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە کە ژمارەیان 11 کورسی بوو.
هاوکات دادگای فیدراڵی ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیشی خستە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە.
چاوەڕوانیش دەکرێت دوای ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.